کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارێکی گەورەی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران کە بۆ یەمەن ڕادەگوێزرا، لەلایەن ئامریکاوە دەستی بەسەردا گیرا

16:49 - 2 بەفرانبار 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانبار "ناوگانی پێنجەمی هێزی دەریایی ئامریکا" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "بارێکی گەورەی چەکوچۆڵیی جێسازیکراو لە کەشتییەکی بێ شوناس کە لە ئێرانەوە بۆ حووسییەکانی یەمەن ڕادەگوێزرا، لە باکووری دەریای عەرەب دەستی بەسەدا گیراوە".

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەو بارە، هەزار و ٤٠٠ چەکی کڵاشنیکۆف و زیاتر لە ٢٢٦ هەزار فیشەکی لەخۆ گرتووە.

لەو بەیاننامەیەدا هەروەها هاتووە کە بەپێی لێکدانەوەکان، کەشتییەکە بە ڕێڕەوێک لە ئاوەکانی نێونەتەوەییدا تێپەڕیوە کە پێشتر بۆ گواستنەوەی نایاسایی چەکوچۆڵ بۆ چەکدارانی حووسی لە یەمەن کەڵکی لێ وەردەگیرا.

دابینکردن، فرۆش یان گواستنەوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی چەکوچۆڵ بۆ چەکدارانی حووسی، پێشێلکردنی بڕیارنامەی شورای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکایە.

هێزی دەریایی ئامریکا هەروەها وتوویەتی: "کەشتییەکە ٥ سەرنشینی تێدا بووە کە خۆیان بە خەڵکی یەمەن  ناساندووە و دوای دەسبەسەرکردنیان هەر ٥ کەسەکە ڕادەستی دەوڵەتی یاسایی یەمەن کراونەتەوە".

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، هێزی دەریایی ئامریکا دوای دەسبەسەرداگرتنی ئەو بارە، کەشتییەکەی لە دەریادا نوقم کردووە.

هەتا ئێستا چەندین باری چەکوچۆڵ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ میلیشیا چەکدارە حووسییەکان ڕەوانە کراوە کە لەلایەن هاوپەیمانان و هێزەکانی ئامریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە و ڕێژیمی ئێران بە دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکە مەحکووم کراوە.