کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازاڕچە سنوورییەکانی "سەردەشت" هەروا بە داخراوی ماونەتەوە

12:06 - 3 گەلاوێژ 2722

سێ بازاڕچەی "کێلێ، قاسمەڕش و ئەشکان" لە شاری "سەردەشت" چەندین ساڵە بە ڕووی خەڵکی ئەو شارەدا داخراون و هیچ هەوڵێک بۆ کردنەوەی ئەو بازاڕچانە نادرێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئەو شارە بە دەست بێکاری و نەبوونی داهات و خزمەتگوزاری و پیشەوە دەناڵێنن، بە شێوەیەک کە لاوەکانی بەو هۆیەوە شاریان چۆڵ کردووە و بەرەو وڵاتانی ئورووپایی کۆچ دەکەن یان دەچنە شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران.

خەڵکی "سەردەشت" باس لەوە دەکەن کە نوێنەری ڕێژیم لەو شارە کە خەڵکی پیرانشارە، هیچ خزمەتێکی شارەکە ناکات، بەڵکوو تەنیا ئیدیعای هەیە.

شاری "سەردەشت" وەکوو یەکەم شاری قوربانیی چەکی کیمیایی لە جیهاندا توانای ناوازەی لە بواری جۆراوجۆردا هەیە، بەڵام بۆ خەڵکەکە کەڵکیان لێ وەرناگیرێت، بۆ نموونە سێ بازاڕچەی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی ١٠٠ کیلۆمیتر هەیە، بەڵام چەندین ساڵە لە خەڵکیان داخستوون.