کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازاڕییانی بانە بەبێ وەدیهاتنی داواکارییەکانیان کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا

17:38 - 20 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: مانگرتووانی قارەمانی شاری بانە پاش ٢٥ ڕۆژ مانگرتنی بەردەوام بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مانگرتنی بازاڕییانی شاری بانە پاش ٢٥ ڕۆژ خۆڕاگری قارەمانانە بەهۆی گوێنەدانی بەرپرسانی پێوەندیدار بەبێ وەدیهاتنی داخوازە ڕەواکانیان کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا کە لە مێژووی ئێراندا بێوێنە بوو.

لە ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەوە تاکوو ١٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ بازاڕی و دووکاندارانی شاری بانە لە ئێعتراز بە داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان و زیادکردنی "تعرفە گمرکی"یەکان مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند.

لەماوەی ٢٥ ڕۆژی ڕابردوودا زۆر جار ڕێژیمی کوردکوژی تاران هەوڵی دا کە بە ترساندن و تۆقاندنی مانگرتووان و تەنانەت هەندێک جار بە سیاسەتی تەماح‌وەبەرنان سەفی مانگرتووان سست بکات بەڵام هەموو جارێک لەگەڵ ئیرادەی لەگیران‌نەهاتووی ئەم گەلە ڕاساوە بەرەوڕوو بوویەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بازاڕییانی مانگرتوو بڵاویان کردۆتەوە هاتووە: 

کردنەوەی دووکانەکان و کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەمان بەمانای پاشگەزبوونەوە لە داواکانمان نییە بەڵکوو بە ئیمان بە ڕاستی و بەرحەق بوونی داواکانمان تا گەیشتن بە ئامانجی سەرەکیمان لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکەین.

لە ئێستادا و پاش کۆتایی هاتنی مانگرتنە مێژوییەکەی بانە، چاودێرانی سیاسی ئەگەری ئەوە بە دوور نازانن کە کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی دەستوپێوەندییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات و وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە ناڕازییان، هەوڵی گرتن و ئازاردانی چالاکان و بازاڕییانی بەشدار لە مانگرتنەکانی ٢٥ ڕۆژی ڕابردوو بدەن.

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی مانگرتنی بانە سەرەڕای کۆتایی پێهاتنی ئەو ڕاستییەیە کە خۆڕاگری "بانە" بووە سەرباشقەیەکی بەهیز بۆ گەلانی دیکەی ئێرانیش؛ هەروەها ئەو ڕاستییەی جارێکی دیکە سەلماند کە ئیرادەی یەکگرتووانەی خەڵک دەتوانێ گەورەترین دیکتاتۆرەکان تووشی دۆشداماوی و لەرزین بکات.