کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازاڕییانی مەریوان، سەقز و جوانڕۆ، بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوکانەکانیان داخست

10:41 - 13 رەشەمه 2719

ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی ڕەشەمە، ژمارەیەک لە کاسبکاران و بازاڕییانی شاری سەقز، بە نیشانەی پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە داخستنی دوکانەکانیان، داوا لە بازاڕییان و کاسبکارانی ئەو شارە دەکەن کە دوکانەکانیان دابخەن.

لەو گرتە ڤیدیۆ ٥٠ چرکەیەدا، یەکێک لە دوکانداران بە ئاماژەدان بە تووشبوونی یەکێک لە نزیکانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، داوا لە هەموو دوکاندارانی شاری سەقز دەکات کە بۆ پێشگیری و تووش نەبوون بەو نەخۆشییە، دوکانیان دابخەن تاکوو تەندروستیی خۆیان و خەڵکی ئەو شارە لەو نەخۆشییە پارێزراو بێت.

لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە بازاڕییان و دوکاندارانی شاری مەریوانیش، بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوکانەکانیان داخست.

هەر لەو پەیوەندییەدا، بازاڕچەی سنووریی جوانڕۆش بۆ پێشگیری و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان بازاڕچە سنوورییەکەیان داخست.