کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازاڕەکانی ئێران نوقمی گرانین

10:50 - 26 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا، ئاستی کڕینی خەڵکیش چەند قات زیاتر دادەبەزێت، بەرپرسانی ڕێژیمیش لە وادەدانی بێکردەوە بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕ بەردەوامن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نرخی خواردەمەنییەکان لە بازاڕەکانی ئێران و بەتایبەت لە کوردستاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرز دەبێتەوە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕ هیچ بەرنامەیەکیان نییە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور ۹٠ هەزار، خەیار ۷ هەزار، سێو ٧٥٠٠، مریشک ١٥ هەزار، تووی گوڵەبەڕۆژەی برژاو ۳۰ هەزار، تەماتە ٤٥٠٠ و  ماسیی قزڵئالا ٣٥ هەزار تمەنه.

ئەم کەسە هەوروەها باسی لەوەش کردووە، شمەکە سەرەکییەکان نەک هەرزان نابن بەڵکوو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ نرخەکانیان بەرزتر دەبێتەوە. تەنانەت بۆ مانگێک نرخەکان وەک خۆیان نامێننەوە و چەندنرخی بەردەوام پەرە دەستێنێت.

لە پەرواێزی شارە گەورەکانی ئێراندا خەڵکانێکی زۆر بەرەو لەنێوچوونی جەستەیی و دەروونی دەڕۆن. دزیکردن، خۆکوشتن و دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام پەرە دەستێنێت. لە شاری سەقز و زۆربەی شارەکاندا ڕۆژانە سەف بۆ وەرگرتنی شەکر، برینج و تایت بەرچاو دەکەون.

هاوکات تەنانەت کەسانی ئاساییش ئەوە دەبینن، کە سیستمی ڕێژیمی ئێران قەت نەیتوانیوە و ئیتریش ناتوانێت ئەم گرفتانە چارەسەر بکات. ئەمانە لە حاڵێکدایە کە بێکاری و بێداهاتیش وەک خۆی و بگرە زیاتریش لە حاڵی پەرەسەندندایە.