کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازرگانانی خوێن و سەرەڕۆیی

20:35 - 31 بانەمەڕ 2718

کەریم پەرویزی

سیستمی دیپلۆماتیک و حقووقیی جیهانی ئەمڕۆ بە جۆرێک داڕێژراوە کە دەوڵەتان، تێیدا بکەر و کاریگەری سەرەکین و هەر دەوڵەتێک لەو سیستمەدا بە نۆرماڵ، هەڵسوکەوت بکا، دەتوانێ بەرژەوەندییەکانی حکومەت و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی تا ئاستی مومکین دابین بکا.

هەڵسوکەوتی نۆرماڵیش بریتییە لە پێبەندبوون بە یاسا و پەیماننامە نێونەتەوەییەکان کە بۆ ئاشتی و سەقامگیری پێویستن و رێگای بازرگانیی ئازاد دەکەنەوە و بە کراوەیی دەیهێڵنەوە. جا ئەوەیکە لەو بازرگانییە ئازادەدا ئابوورییە زۆرگەورەکان قازانجی زیاتری تێدا دەکەن، شتێکی ڕوونە بەڵام وڵاتانی دیکەش دەتوانن تا ڕادەیەک بەختەوەرییەکی نیسبی بۆ خەڵکەکەیان دابین بکەن.

بەڵام گەر هاتوو دەوڵەتێک هەڵسوکەوتی نۆرماڵ نەبوو؟ لە وەها حاڵەتێکدا چی ڕوودەدا؟ ئایا ئەو دەوڵەتە بە تێکدانی یاسا و پەیماننامە قبووڵکراوەکان دەتوانێ ببێ بە تاقە ملهۆڕی ناوچە و جیهان و دەست بەسەر هەموو شتدا بگرێ؟ بێگومان وەڵامەکەی "نا"یە و چارەنووسی سەدام حسەین و قەزافی و هیتلێر و زۆری دیکەشمان لەبەرچاوە.

ئەی وەها دەوڵەتێک چ دەکا ؟ سیستمی جیهانی چیی لەگەڵ دەکا؟

بۆ وڵامی ئەم پرسیارە بە ڕوونی سووریە و بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان لەبەرچاوە. دەوڵەتی سووریە کە بە دەیان هەزار کەسی کوشتووە و بۆمبی شیمیاییشی دژی خەڵکی خۆی بەکار بردووە، بۆ پاراستنی تاقە یەک کەس واتە بەشار ئەسەد، چۆتە باوەشی ڕووسیە و پووتین بۆیان دیاری دەکا چی بکەن و چی نەکەن.

لە ئێراندا، گەر ڕێژیمێکی دێموکراتیک و نۆرماڵ لەسەر کار بوایە کە جێی ڕەزامەندیی هەموو نەتەوەکانی ئێران بوایە، ئەوکات بە وەها وڵاتێکەوە کە ڕەنگە لە ماوەی ٥٠ ساڵی داهاتوودا حەشیمەتەکەی لە ٢٠٠ میلیۆنیش تێپەڕێنێ و دنیایەک سامانی ژێرزەویی هەیە، دەکرێ ببێ بە وڵاتێکی زۆر کاریگەر لانیکەم لە ئاستی ئورووپا و ڕۆژئاوای ئاسیادا.

بەڵام ئێستە بە دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی کە دژی هەموو پرەنسیپێکی جیهانی و دژی ئاشتی و دژی پێوەندیی دۆستانەیە، ڕێژیمی دەسەڵاتدار بۆ مانەوەی خۆی ناچارە هەموو سامانی وڵات بە نرخی هەرزان بە بازرگانانی ئورووپایی و چینی، بفرۆشێ و شتومەکی پێویستیش بە نرخی چەندین بەرابەری خۆی، لە هەمان بازرگانانی ئورووپایی بکڕێتەوە و شتومەکی بێبایەخ و وێرانی چینیش بکڕێ و بۆی بکا بە دۆلار!

لەم بازرگانییە خوێناوییەدا، ئورووپا سامانی هەرزانی دەست دەکەوێ و بازاڕی باشی لەدەستە کە بە ناوی گەمارۆی ئامریکا و گوێنەدان بە هەڕەشە و سزاکانی ئامریکا، شتومەکەکانی بە نرخی زۆر بە ڕێژیمی ئێران بفرۆشێ و ڕێژیمی تارانیش هەم درێژە بە دروشمە دژی ئامریکاییەکانی دەدا و هەم  دەسەڵاتەکەی  بە یارمەتیی بازرگانانی ئورووپایی بەردەوام دەکا. ئەوەی لەو بەینەدا لەبەین دەچێ سامان و جوغرافیای وڵاتێک بەناوی ئێران و دەریایەک خوێنی ڕژاوی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئەم جوغرافیایە.

ئایا بازرگانیی کۆمپانیاکانی ئورووپا، لەژێر ناوی بریقەداری گوێنەدان بە ئامریکادا و لە بنەمادا بۆ تاڵانی ئێران و دادۆشینی ئەو وڵاتە، دەتوانێ سیمای لەلای خەڵک بشارێتەوە و نەتەوەکانی ئێرانیش ناکەونە بیری زەربەدان لە بەرژەوەندیی بازرگانانی خوێن و سەرەڕۆیی؟