کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازرگانانی هیندی بەهۆی کەمیی پاشەکەوتی ڕووپیە لەلایەن تارانەوە، هەناردەکردنیان بۆ ئێران ڕاگرتووە

11:35 - 15 رەشەمه 2720

هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە بەهۆی کەمیی پاشەکەوتی ڕووپیە لەلایەن تارانەوە، شیرکەت و بازرگانانی هیندی ئامادە نین بۆ هەناردەکردنی کەلوپەلی خۆراکی وەکوو شەکر و برنج و چایی لەگەڵ ئێران گرێبەستی نوێ واژۆ بکەن.

بەرپرسی شیرکەتێکی بازرگانی نێونەتەوەیی لە شاری بەمبەئی وتوویەتی: ''بازرگانانی هیندی بەهۆی ئەوەی کە ئێران چەند مانگە پارەی نەداوە، لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دەکشێنەوە''.

بە وتەی ناوبراو، ڕێژەی ڕووپیەی ئێران لە دوو بانکی هیندی کە لەلایەن دەوڵەتی هیندەوە بۆ ئەنجامی مامەڵە دیاری کراوە هەتا ئاستێکی بەرچاو دابەزیوە و بازرگانانی هیندی متمانەیان بەوە نییە کە بڕە پارەی گرێبەستی نوێیان لە کاتی خۆیدا پێ بدرێت.

بەهۆی گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا و قەدەغەکردنی مامەڵە نەوتییەکانی ئێران بە دراوی دۆلار، هیند و تاران لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ هیند لە رێگای ڕووپیەوە بێت و ئێران بە جێگای نەوت کەلوپەلی خۆراکی هاوردە بکات. بەڵام وڵاتی هیند دوای کۆتایی هاتنی مەعافیەتییە نەوتییەکانی ئامریکا لە ساڵی ٢٠١٩، کڕینی نەوتی لە ئێران ڕاگرت.