کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازرگانیی نێوان ڕێژیمی ئێران و چین بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە

18:01 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەپێی نوێترین ئامارەکان، بازرگانیی نێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتی چین لە پێنج مانگی ڕابردوودا کەمی کردووە.

بەپێی نوێترین ئاماری گومرۆکی چین، کە ڕۆژی یەکشەممە، ١ی پووشپەڕ بڵاوی کردووەتەوە، بازرگانیی نێوان دەوڵەتی چین و ڕێژیمی ئێران لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی نوێی زایینیدا، بە براورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

بەپێی ئەم ئامارە، هەناردەکردنی ڕێژیمی ئێران بە ڕێژەی ٤٦.٦ لەسەد و بە بڕی ٧ میلیارد و ١٦٧ ملیۆن دۆلار کەمی کردووە و هەناردەکردنی دەوڵەتی چینیش بۆ ڕێژیمی ئێران بە ڕێژەی ٢٦ لەسەد و بە بڕی ٣ میلیارد و ٧٣٧ ملیۆن دۆلار کەمی کردووە.

بە شێوەیەکی گشتی، بازرگانیی دوولایەنەی نێوان ڕێژیمی ئێران و چین لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی نوێی زایینیدا بە نزیکەی ٣٥ لەسەد دابەزیوە.

پێشبینی دەکرێت بە لەبەرچاوگرتنی گەمارۆ نەوتییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، هەناردەکردنی ڕێژیمی ئێران بۆ چین دابەزینی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت. وڵاتی چین بە گەورەترین موشتەریی نەوتیی ڕێژیمی ئێران و گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی غەیرە نەوتیی ڕێژیم، دێتە ئەژمار.