کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازرگانیی ئێران و تورکیە ٧٠ لەسەد دابەزیوە

12:31 - 26 بانەمەڕ 2720

ژووری بازرگانیی ڕێژیم لە تاران ڕایگەیاندووە کە ئێران و تورکیە لە وەرزی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠دا، ٦٤٥ ملیۆن دۆلار هاوردە و هەناردەی بازرگانییان بووە کە بەنیسبەت وەرزی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ـەوە ٧٠ لەسەد دابەزیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ژووری بازرگانیی ڕێژیم لە تاران لە دابەزینی ٧٠ لەسەدیی بازرگانی لەنێوان ئێران و تورکیە، بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ٢٧٠ ملیۆن دۆلاردا ڕاوەستاوە.

بەو پێیە هەناردەکردنی ئێران بۆ تورکیە لە دووەمین وەرزی ساڵی ٢٠١٩ـەوە ڕەوتی دابەزینی بەخۆوە دیوە و لە وەرزی کۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا گەیشتووەتە ٢٦٨ ملیۆن دۆلار کە لە یەکەمین وەرزی ئەمساڵدا لەسەر ٢٧٠ ملیۆن دۆلار ڕاوەستاوە.

یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی دابەزینی ئاڵووێرە بازرگانییەکانی ئێران و تورکیە دابەزینی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانە.

دەوڵەتی تورکیە لە مانگی مەیی ساڵی ڕابردووەوە بە داخوازیی ئامریکا هاوەردەکردنی نەوتی لە ئێرانەوە ڕاگرت.

ڕێژیمی ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا لەسەر ئەو وڵاتە و هەروەها قەیرانی کۆرۆناوە، لە دۆخێکی ئابووریی شپرزەدایە و بازاڕەکانی بەرەو داڕمان و تێکشکانی زیاتر دەڕۆن.