کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازرگانێکی ئامریکایی بە سپیکردنەوەی پارە بۆ ڕێژیمی تاران تاوانبار کرا

19:09 - 15 جۆزەردان 2720

دادگای فێدێراڵی ئامریکا ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردان، بازرگانێکی ئامریکایی بە ناوی ''کینت زانگـ''ـی بەوە تاوانبار کرد کە یەک میلیارد دۆلار پارەی بۆ ڕێژیمی ئێران سپی کردووەتەوە.

ئەم بازرگانەی خەڵکی ویلایەتی ''ئالسکا'' بەوە تاوانبار کراوە کە یەک میلیارد دۆلار پارەی نەوتی ئێرانی بە بەڵگەی ساختەیی لە وڵاتی کۆرەی باشوور بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕەوانە کردووە هەتا بە دەستی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بگات.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ''کینت زانگ'' بە کەڵکوەرگرتن لە فاکتۆری ساختەیی بۆ ناردنی کەرەستەی بیناسازی، بانکەکانی کۆرەی باشووری هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە یەک میلیارد دۆلار پارەی بلۆکەکراوی نەوتی ئێران ئازاد بکات و مۆڵەتی ناردنی ئەو پارەیەی بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی وەرگرتووە.

ئەم بازرگانە کە لە کۆرەی باشوور زیندانی کراوە و دانی بە تاوانی خۆیدا ناوە، بڕیار بوو لە مانگی مارسدا ئازاد بکرێت، بەڵام دادستانی ئامریکا دەڵێت کە ناوبراو هەتا جەریمە چەندین ملیۆن دۆلارییەکی نەدات، هەر لە زینداندا دەبێت.

هەروەها دادستانی ئامریکا داوای ڕادەستکردنەوەی ''کینت زانگـ''ـی بۆ ئامریکا و لیپرسینەوەی دووبارەی کردووە.

هەروەها ئامریکا دیهەوێت شێوەی کەڵکوەرگرتن لە حیسابە ساختەییەکان و بابەتی شەفافییەتی ماڵیی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە لە ڕێگای ئەو وڵاتەوە پارە بۆ ئێران دەنێردرێت، تاوتوێ بکات.