کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازرگانێکی ئاڵمانی بەهۆی پێدانی دەزگای چاپی دراو بە سپای پاسداران، بە زیندان مەحکووم کرا

13:10 - 27 بانەمەڕ 2720

بازرگانێک لە ئاڵمان بەهۆی دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران و پێدانی دەزگای چاپی دراو بە سپای تێرۆریستی پاسداران، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕ، بازرگانێکی ٤٣ ساڵە بەهۆی دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران و یارمەتیدانی سپای تێرۆریستی پاسداران، لەلایەن دادگای "فرانکفۆرتـ"ـەوە بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

حوکمی دادگای فرانکفۆرت ٢ ساڵ کەمتر لە سزایەکە کە کەسی تاوانبار لە یەکەمین دادگاییدا لە ساڵی ٢٠١٨دا وەریگرتووە.

لەو کاتەدا دیوانی باڵای تاوانە ئاسایی و جەناییەکانی ئاڵمان بەشێک لەو حوکمەی هەڵوەشاندبووەوە، لە ئێستادا دادگای فرانکفۆرت بۆ دابەزاندنی ماوەی حوکمەکە، دانپێدانانی تاوانبارەکەیان لەبەرچاو گرتووە کە لە دادگای سەرەتاییدا ئەو خاڵە نەکەوتووەتە بەر باس.

 بەپێی ڕاپۆرتەکانی دادگا، تاوانبارەکە لە نایاساییبوونی کارەکەی خۆی ئاگادار بووە و ویستوویەتی لە ڕێگای مامەڵەیەکی ملیۆنییەوە شیرکەتەکەی خۆی کە پێشتر لەگەڵ کێشەگەلی ئابووری بەرەوڕوو بووە، لە کێشە دەرباز بکات.