کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازرگانێکی گرێدەری نێوان ڕێژیمی ئێران و ڤێنێزۆئێلا ڕادەستی ئامریکا دەکرێت

13:53 - 9 خەرمانان 2720

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە کە بازرگانێکی کۆلۆمبیایی گرێدەری پەیوەندییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ڤێنێزۆئێلا، بە تاوانی سپیکردنەوەی پارە لە "کەیپ ڤەردە" دەسبەسەر کراوە و لە هەوڵی ڕادەستکردنەوەی بۆ ئامریکادان.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی هەینی ٧ی خەرمانان بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، بازرگانێکی کۆلۆمبیایی بە ناوی "ئەلێکس ساب" کە گرێدەری پەیوەندییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ڤێنێزۆئێلا بووە، لە کاتێکدا کە بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنیی فڕۆکە تایبەتییەکەی لە "کەیپ ڤەردە" دەنیشێتەوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەپێی حوکمی ڕاگرتنی نێودەوڵەتی بە تاوانی سپیکردنەوەی پارە دەسبەسەری دەکەن.

"ساب" بەپێی فەرمانی ئامریکا دەسبەسەر دەکرێت و دۆزگەرەکانی ئامریکا ناوبراویان بەوە تاوانبار کردووە کە بە پێدانی بەرتیل بە بەرپرسانی ڤێنێزۆئێلایی توانیویەتی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار لە نرخی دراوی ئەو وڵاتە کە لە کۆنترۆڵی دەوڵەتی ڤێنێزۆئێلادایە بۆ دەرەوەی وڵات بنێرێت.

پارێزەرەکانی "ساب" ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو مانگی ئاڤریل، سەفەرێکی بۆ ئێران کردووە تا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بێنێتە سەر قەناعەتی ئەوەی کە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانی سووتەمەنی، تانکرگەلی سووتەمەنی و فڕۆکەگەلی هەڵگری مادەگەلی پاڵێوراو بە ڤێنێزۆئێلا بنێرن.

"ساب" لە سەفەرەکەیدا بۆ ئێران بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی وتووە کە "مادۆرۆ" بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە توانای هەناردەکردنی ماددەی بۆ دەرەوە نییە و بۆ بەرهەمهێنان ماددەی پێویستی نییە و پێویستیی بە سووتەمەنییە.

لە بەرانبەردا ڕێژیمی ئێران بەشێکی بەرچاو لەو داواکارییانەی ئەو گرێدەرەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی جێبەجێ کردووە.

ئەو بازرگانە کۆلۆمبیاییە ئێستاکە لەبەر ڕادەستکردنەوە بۆ ئامریکادایە و دەوترێت بە پاڵنەریی سیاسییەوە ئەو مامەڵانەی ئەنجام داوە.