کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازنەی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ خەڵک بەرتەسک کراوەتەوە

10:42 - 4 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بانکەکانی ڕێژیم بە شێوەی تاکلایەنە پێش بە بردنە دەرەوەی پارەی خەڵک لە بانکەکان دەگرن و هەر ئەمەش بووەتە هۆکاری ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک لە داهاتووی سەرمایەکانیان .

 بە پێی هەندێک بەخشنامەی ناوخۆیی بانکەکان لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا هەتا ئێستا، پلەپلە بانکەکان بازنەی ئاڵوگۆڕی دراویان بۆ خەڵک بەرتەسکتر کردووەتەوە و ئیزن بە هەڵگرتنەوەی پارەی خەڵک وەک سەرمایەی کەسۆکی خۆیان نادەن؛ بۆ نمونە ساڵانی ڕابردوو پارەی کارتخانی دوکانەکان بە شێوەی ئانی و خێرا دەڕژایە حیسابی خاوەن کارتخانەکان و هیچ بەربەستێک بۆ ڕێژەی زۆری و کەمی پوڵەکە نەبوو، بەڵام ئێستا پاش بیست و چوار کاتژمێر و گەلێ جار و لە ڕۆژانی پشوودا هەتا سێ ڕۆژ دەخایێنێت هەتا پارەی کارتەکان بچێتە حیسابی خاوەن کارتخانەکانەوە .

 جیاواز لەمەش خاوەنی کارتە بانکییەکان دەتوانن ڕۆژانە تەنیا دەتوانن مامەڵە بە پەنجا ملیۆن تمەن لە پارەی سەر حیسابی بانکەکەیان بکەن؛ بە پێی ئەو زانیارییانەی بڵاو بووەتەوە لە داهاتویەکی نیزیکدا ئاڵوگۆڕە دراوییەکان بە ژمارەی میللی خاوەن حیسابەوە جێبەجێ دەکرێ و ئیدی شەخسێک ناتوانێ لە چەند کارتەوە چەند مامەڵەی پەنجا میلیۆن تمەنی بکات .

شارەزایانی بازاڕیش پێیان وایە ئەمە لەواقعدا هەرچەند کاتییش بێت دەسگرتنی ڕێژیمە بە سەر سەروەت و سامانی خەڵکدا و لە باری ئابوورییەوە لێکەوتەی زۆر خراپی بە دواوە دەبێت .

دیسان و هەر لە درێژەی ئەم پیلانە دزێوانەی ڕێژیمدا میزانی کارت بە کارت لە دەرەوەی بانکەکانەوە تەنیا سێ ملیۆن تمەنە و بۆ ئەوەی کەسێک زیاتر لەم ڕێژەیە پارە بۆ بانکێکی دیکە بنێرێت دەبێ حەتمەن بچێتە ناو بانکەکان و بە پێی تەشریفاتی ئیداری لە ڕێگەی ساتنا یان چەکی بەینی بانکییەوە پارەی مەبەست بۆ بانکی دیکە حەواڵە بکات ، کە ئەمەش پێویستی بە کات و هەزینەیەکی بێ هۆیە کە بانکەکان لە مشتەرییەکانی وەردەگرن هەتا ئیزنی ئاڵوگۆڕی پوڵەکەی خۆیان بە خۆیان بدەن.