کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازەرگانیکردن بە برینپێچی نەخۆشانی پەپوولەیی لە بازاڕەکانی ڕێژیمی ئێراندا

12:29 - 4 پووشپەڕ 2721

"حەمید ڕەزا هاشم گوڵ پایەگانی"، کارگێڕی گشتیی ماڵی داکۆکی لە نەخۆشەکانی پەپوولەیی (Epidermolysis Bullosa) داوای لە ناوەندی ئەمنییەتی و دادوەری کردووە کە لە پێوەندی بە چۆنییەتی هاوردەکردنی برینپێچی تایبەت بە نەخۆشانی "پەپوولەیی"، لە بازاڕی ئازاددا لێکۆڵینەوە بکەن.

"گوڵ پایەگانی"، باسی لە نزیک بە شەش تۆن برینپێچی تایبەت بە نەخۆشیی پەپوولەیی لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩٩دا کردووە کە بە هاوکاریی ئاڵمان و ڕێکخراوی "یوونیسێف" هاوردەی ئێران کراوە، بەڵام وزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ئەو هاوکارییەی ڕەت کردووەتەوە.

ناوبراو وتوویەتی وزارەتی تەندروستی بە بیانووی "ڕاگواستنی کۆگاکان"، لە بەدەستەوەدانی ئەو برینپێچانە بە خانووی داکۆکی لەو نەخۆشانە، خۆیان بواردوە و لە ئێستادا ئەو برینپێچانە لە بازاڕی ئازاددا بازەرگانیان پێدەکرێت.

"یوونیسێف" ساڵی ٩٩ ڕایگەیاندبوو: "بە هاوکاریی وڵاتی ئاڵمان برینپێچیی تایبەتمان هەناردەی ئێران کردووە".

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەڵێن کە گەمارۆکانی ئامریکا بەشی پزشکی و دەرمانیی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە بەڵام ئامریکا ئەو ئیدعایەی ڕەت کردووەتە.