کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باشووری کوردستان یارمەتی لوڕستان دەدات

11:37 - 18 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە شارەکانی باشووری کوردستان، یارمەتی بۆ لافاولێدراوانی لوڕستان کۆ دەکرێتەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە شارەکانی باشووری کوردستان، چالاکانی مەدەنی و هونەرمەندان له ئەرکێکی نەتەوەیی و هەڵمەتێکی مرۆڤدۆستانە و خۆڕسکدا، بە مەبەستی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ لافاولێدراوانی پارێزگای لوڕستان، چەندین کەمپەینیان ڕێک خستووە.

ڕۆژی شەممە، ۱۷ی خاکەلێوە، چالاکانی مەدەنیی شاری خانەقین، کەمپەینێکیان لە ژێر ناوی "کەمپەینی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی پارێزگای لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان"، بە مەبەستی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ لێقەوماوانی ئەم پارێزگایە لە ڕۆژهەڵات ڕێک خستووە، کە بۆ ماوەی یەک حەوتوو بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرانی کەمپەینەکە، ڕێکخستنی ئەو کەمپەینە بە ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانە پێناسە دەکەن و بە میدیاکانی باشووریان ڕاگەیاندووە، ڕێکخستنی ئەو کەمپەینە بە مەبەستی کۆکردنەوە هاوکاری بۆ لێقەوماوانی پارێزگای لوڕستان، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و دوورە لە بیری حیزبی و مەزهەبی و ئایینی، بەڵکوو کارێکی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانەیە، لەو کەمپەینەشدا تەنیا پارە کۆ ناکرێتەوە، بەڵکوو کەلوپەل و کەرەستەکانی نێوماڵ، جلوبەرگ و پێداویستییەکانی ژیانێکی ئاسایی کۆ دەکرێنەوە.

لەم پەیوەندییەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گرووپی مۆسیقای لوڕ لە شاری سلێمانی، لە بانگەوازێکدا داوای لە سەرجەم هونەرمەندان، بازرگانان، سەرمایەداران، کەسایەتییەکان و کۆمپانیاکانی باشووری کوردستان کرد، کە هاوکارییان بکەن بۆ سازکردنی چەندین کۆنسێرتی خێرخوازانە لە سەرتاسەری شارەکانی باشوور کە داهاتی هەموو ئەو کۆنسێرتانە بۆ لافاولێدراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای لوڕستان دەنێرن.

هەر لەم پەیوەندییەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شاری هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و یارمەتییەک بۆ لێقەوماوان و لافاولێدراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کرد، کە سنوورەکانیان بۆ بکەنەوە تاکوو یارمەتییەکانیان بە دەستی لێقەومان بگەیەنن.