کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باندێکی ئێرانیی قاچاخی مرۆڤ لە ئاڵمان دەسبەسەر کران

10:42 - 7 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: باندێکی ئێرانیی قاچاخی مرۆڤ لە وڵاتی ئاڵمان، لە لایەن پولیسی ئەو وڵاتەوە  دەسبەسەر کرا؛ دەستبەسەرکراوەکان بە وەرگرتنی هەزاران یۆرۆ، بەڵگە و پاسپۆرتی ساختەیان به خوازیارانی پاسپۆرت داوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٦ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، پولیسی وڵاتی ئاڵمان لە ئۆپراسیۆنێکی بەربڵاودا، لە دوو ئیالاتی ئەم وڵاتە، ٦ کەسی ئێرانییان دەسبەسەر کردووە، کە پاسپۆرت و بەڵگەی شوناسی ساختەیان پێ بووە.

دەسبەسەرکراوەکان تەمەنیان لە نێوان ٢٨ تا ٤٢ ساڵدایە و پولیسی ئاڵمان لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە بە دوایاندا دەگەڕێت.

پولیسی ئاڵمان سەبارەت بە دەسبەسەرکراوەکان ڕایگەیاندووە، کە ئەوان بۆ هەر پاسپۆرت و بەڵگەیەکی ساخته تا ١٨ هەزار و ٥٠٠ یۆرۆ پارەیان لە خوازیاران وەرگرتووە و لەم ڕێگەوە چەند میلیۆن یۆرۆ قازانجیان کردووە.

لە ئۆپراسیۆنی دەسبەسەرکردنی ئەو ٦ کەسەدا، ١٣٠ پولیس بەشدار بوون و وێڕای دەسبەسەرکردنی تاوانباران، بەڵگەیەکی زۆریشان دۆزیەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە پووشپەڕی ئەمساڵدا، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە ڕاپۆرتی  ساڵانەی خۆیدا ئاشکرای کردووە؛ کە ڕێژیمی ئێران قاچاخی مرۆڤ دەکات و خراپترین وڵات لە جیهاندا لەو بوارە ئێرانە.