کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی جیهانی: ئێران زۆرترین دابەزینی بەرهەمهێنانی ناپاقژی نێوخۆیی هەیە

11:35 - 20 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: بانکی جیهانی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە، ئێران زۆرترین دابەزینی بەرهەمهێنانی ناپاقژی نێوخۆیی لە جیهاندا هەیە.

لە ڕاپۆرتی بانکی جیهانی کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی بەفرانبار، بڵاو بووەتەوە، هاتووە کە بەرهەمهێنانی ناپاقاژی نێوخۆیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ بەنیسبەت ساڵی ٢٠١٨، نزیکەی ٨.٧ لەسەد دابەزیوە.

بەپێی هەڵسەنگاندنی بانکی جیهانی، لە ئەمساڵدا گەشەی ئابووریی ئێران سیفر لەسەد دەبێت. گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢٠١٩دا لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە بانکی جیهانی ڕاپۆرتی لەسەر داون، لە کەمترین ئاستدایە.

هەروەها، سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە ڕاپۆرتێکدا لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ پێشبینیی کردبوو کە گەشەی ئابووریی ئێران لە ئەمسالدا دەگاتە مەنفی ٩.٥ لەسەد.

ئەم ناوەندە نێونەتەوەییە کە دوورەدیمەنی ئابووریی جیهان تاوتوێ دەکات، وتبووی: "گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا مەنفی ٤.٨ لەسەد بووە و لە ساڵی داهاتوودا دەگاتە سیفر لەسەد".

دوای گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، ئابووریی ئەم وڵاتە بەتەواوەتی داڕماوە و زۆربەی کۆمپانیا و وڵاتانی جیهان لە بازاڕەکانی ئێران کشاونەتەوە.

هەروەها نەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمە و دارێژراو بۆ گەشەی ئابووری و هەروەها تێوەگلاویی ئابووریی ئێران بە گەندەڵی و دزی، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گەشەی ئابووریی ڕێژیمی ئێراندا هەبووە.