کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی ناوەندی بۆ کەمیی بودجه پارەی چاپ کردووە

18:54 - 12 خاکەلێوه 2721

بانکی ناوەندی ئەرکدار کراوە بۆ دابینکردنی کەمیی بوودجە لە شوێنی فرۆشتنی دراوەکانی سندووقی گەشەی ڕێژیم، پارە چاپ بکات.

"عەبدولناسر هێممەتی" سەرۆکی بانکی ناوەندی، لە نوێترین قسەکانی خۆیدا بە ڕوونی دانی بەوەدا ناوە کە پارە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ دابینکردنی کەمهێنانی بوودجەی لە شوێنی فرۆشی دراوەکانی سندووقی گەشەی ڕێژیمەوە چاپ دەکرێت.

ناوبراو وتوویەتی کە لە ساڵی ١٣٩٨ و ١٣٩٩دا بەشێک لە بوودجەی دەوڵەت لە سەرچاوەکانی سندووقی گەشەی ڕێژیمەوە دابین کراوە و لە بارودۆخێکدا کە سەرچاوە داراییەکانی ئەو سندووقە لەنێوخۆ بوونیان نییە و لە دەرەوەش بلۆکە کراون، بانکی ناوەندیش ئەرکدارە بە گۆڕینەوەی بە ڕیاڵ.

ئەمە واتا پارە لە کورتترین ماوەدا چاپ دەکرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵاوسانی ئابووری.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی پەیوەندیدار چاپکردنی پارەیان ڕەت کردبووەوە، بەڵام لەئێستادا بانکی ناوەندی ئەرکدار کراوە بە ئەنجامدانی ئەو کارە.