کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی ناوەندی ڕێژەی بازرگانیی غەیرەنەوتی لە ساڵی ٩٩دا نەرێنی ڕاگەیاندووە

12:00 - 30 جۆزەردان 2721

بەپێی ڕاگەیەندراوی بانکی ناوەندی، ڕێژەی بازرگانیی غەیرەنەوتیی ئێران لە ساڵی ٩٩دا جگە لە مانگی ڕەزبەر لە مانگەکانی دیکەدا نەرێنی بووە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، هەناردەکردنی ١٢ مانگەی ساڵی ڕابردووی ئێران، ٣٤ میلیارد و ٩٩٨ ملیۆن دۆلار و هاوەردەکردنیشی ٣٨ ملیارد و ٨٩٣ ملیۆن دۆلار تۆمار کراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە کە زۆرترین ڕێژەی هەناردەکردن لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا ٤ ملیارد و ٦٧٢ ملیۆن دۆلار و زۆرترین ئاستی هاوەردەکردنیش لە مانگی ڕەشەمەدا، ٤ ملیارد و ٥٧٢ ملیۆن دۆلار تۆمار کراوە.

سندووقی نێودەوڵەتیی پارە پێشتر پلەی بازرگانیی ئێرانی لە ساڵی ٩٩دا نەرێنی پێشبێنی کردووە و ئەگەری ئەوەیان لەبەرچاو گرتووە کە کۆی گشتیی هەناردەکردنی نەوتی، غەیرە نەوتی و خزمەتگوزاریی ئێران لە ئەوساڵدا بگاتە ٤٦ ملیارد دۆلار و هاوەردەکردنی وڵات ١٨.٦ ملیارد دۆلار زیاتر لەو ژمارەیە بێت.

ڕێژەی بازرگانی، ئامارێک لە ڕێژەی هاوەردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی وڵاتێکە.

لە ساڵەکانی ڕابردوودا، بەتایبەت پاش چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام لە ساڵی ٩٧دا، ئاڵووێری بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە و تەنانەت لەگەڵ هاوپشکە ئابوورییەکانی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.