کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی ناوەندیی ڕژیم بڕی ئەرزی چوونە دەرەوەی مسافرەکانی دەرەوەی ولاتی نیوە کرد

16:16 - 24 بانەمەڕ 2718

 
کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران، پاش قورستر بوونی گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر خۆی، بۆ قەرەبوو کردنەوەی کەمیی بوودجە ساڵی ٩٧، دەستی بەسەر بازاڕی ئەرزدا گرتووە.

بەپێی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی ڕێژیم، لە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕەوە، بڕی ئەرزێک کە موسافران لە ڕێگای سنوورە ئاسمانییەکانەوە لەگەڵ خۆیان دەیبەنە دەرەوە، لە ١٠ هەزار یوورۆ بۆ ٥ هەزار یوورۆ کەم کرایەوە.

بانکی ناوەندیی ڕێژیم، لە نوێترین بڕیاری خۆیدا بۆ چاوەدێریکردن بەسەر هێنان و بردنی ئەرز، ڕایگەیاندووە: "بردنەدەرەوەی ئەرز، بەڵگە بانکییەکان و لاپەڕە بەنرخە بێناوەکان (اوراق بهادار بی نام)، کە موسافرەکان لەگەڵ خۆیان دەیبەنە دەرەوە، لە سنوورە ئاسمانییەکان نابێت لە ٥ هەزار یوورۆ و لە سنوورە زەویییەکان لە ٢ هەزار یوورۆ زیاتر بێت.

بازاڕی ئەرز و دراوە دەرەکییەکان لە یەک حەوتووی ڕابردووەوە، بە هۆی ئەوەی کە شێمانەی ئەوە دەکرا، کە ترامپ لە بەرجام دەکشێتەوە، ئاڵۆز ببوو.

پاش ئەوەی کە دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا نرخی لە ٧ هەزار تمەن تێپەڕی، جێگری سەرکۆماری ڕێژیم، ئیسحاق جەهانگیری، ڕایگەیاند: "فرۆشتن و کڕینی دۆلار نایاسایییە و خوازیارانی دۆلار دەتوانن، ئەرزی پێویستی خۆیان لە بانکەکانی دەوڵەت بە ٤٢٠٠ تمەن بکڕن". 

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە یەکێک لە نوێنەرانی ڕێژیم لە مەجلیسدا، باسی لەوە کردبوو، کە ڕێژیم لە گرانبوونی دۆلار و دراوە دەرەکییەکاندا دەستی هەیە، چونکە لەو ڕێگایەوە دەیەوێت کەمیی بوودجەی ساڵی ٩٧، قەرەبوو بکاتەوە.