کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، خەڵکی تووشی کێشە کردووە

18:46 - 26 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بانکی ناوندیی ڕێژیمی ئێران بڕیاری داوە ئەو دۆلارانەی کە پێش لە ساڵی ٢٠٠٠وە چاپ کراون لە خەڵک نەکڕێت و ئەمە فروشیارانی دراوی لە بازاڕەکاندا تووشی کێشە کردووە.

بانکی ناوندیی ڕێژیمی ئێران لە بڕیارێکی نوێدا ڕایگەیاندووە کە ئەو دۆلارانەی کە ڕێکەوتی چاپەکەیان هی ژێر ساڵی ٢٠٠٠ی زاینییە، لە سەڕافییەکان وەرناگرێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو دراوانەی کە خەڵک لە ماڵی خۆیانەوە پاشکەوتیان کردووە، ڕادەی فرۆشیان بەرزبووەتەوە، بەڵام بانکی ناوەندی ئەم دراوانەی کە لە لایەن سەڕافییەکانەوە کڕدراون بەهۆی دڕاوی و چەسپ لێدانیان یان مۆری سەڕافییان پێوەیە، چیدی وەرناگرێت و ئەمە خەڵکی تووشی کێشە و سەرلێشێواوی کردووە.

ئەم بڕیارەی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، فرۆشیارانی ئەم دراوە کە دۆلارەکانیان چەسپ یان مۆری لێدرابێت، تووشی کێشە کردووە.

بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، بە بڕیاردانی لەم چەشنە دەیانهەوێت چاکسازی لە نیزامی بانکیدا بکەن، لە حاڵێکدا کە گەندەڵی باڵی بەسەردا کێشاوە و ڕۆژبەڕۆژ هاڵاوسان بەرز دەبێتەوە و ئەرزشی دراوی ئەو وڵاتە بەنیسبەت وڵاتانی دیکە دادەبەزێت.