کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات

17:55 - 26 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیرانی بە هۆی پشتیوانی لە تێرۆریزم خستە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، "وەلیوڵڵا سەیف"، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران و هەروەها بانکی "ئیسلامیی ئەلبلاد"ی عێراقی بە هۆی سپیکردنەوەی پاره لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خستە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە.

ئامریکا ڕایگەیاندووە، ئەو دوو بانکە لەپێناو قازانجی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە تێرۆریستییەکان چالاکییان کردووە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ئاشکرای کردووە: "سەیف بە هاوکاری لەگەڵ هێزی قودسی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە ڕێگای سیستمی ماڵیی نێودەوڵەتی بڕی میلیۆنان دۆلاری لە چوارچیوەی پارەی جۆراجۆردا جێبەجێ کردووە هەتا تێچووی چالاکییەکانی هێزی قودس لە دەرەوەی وڵات و گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵا دابین بکات".

لە دوای هاتنەدەرەوی ئامریکا لە بەرجام هەتا ئێستا ئامریکا دوو گەمارۆی نوێی دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا چەندین جار ئامریکا و ناوەندە نێونەتەوەییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان باسیان لە بوونی پێوەندیی نهێنیی سەرانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گرووپی تێرۆریستی تاڵەبان کردبوو.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەچوارچێوەی یارمەتیی چەکوچۆڵ، ماڵی و ڕاهێنانی سەربازی به گرووپە نیزامییەکان و هەروەها زۆربوونی باندەکانی سیخوڕیی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا، بەتەواوەتی بەرچاو و دیارە.