کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی ناوەندیی ئێران وێڕای چەند بانکی دیکە بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە لەلایەن بەحرەین مەحکووم کران

13:18 - 8 گەلاوێژ 2721

"عەلی بن فەزل ئەلبووعینین'' دادستانی بەحرەین وتوویەتی کە دادگای باڵای جینایی ئەو وڵاتە بانکی ناوەندیی ئێرانی لەگەڵ چەند بانکی دیکە یەک لەوانه بانکی بەحرەینیی ''ئەلموستەقبەل'' و ٦ بەرپرسی ئەو بانکەی لە پێوەندی لەگەڵ سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێران مەحکووم کردووە.

دادستانی بەحرەین، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ گەلاوێژ جەختی کردبووە کە ٥ کەس لە بەرپرسانی بانکی ''ئەلموستەقبەل'' هەر کامیان بە ١٠ سال زیندان و تاوانباری ڕیزی شەشەم بە ٥ ساڵ زیندانی حوکم و هەر کامیان بڕی یەک ملیۆن دیناری بەحرەینی سزا دراون.

ڕۆژنامەی بەحرەینیی ''ئەلوەتەن'' لە زاری دادستانی ئەو وڵاتە وتوویەتی، بانکی ناوەندیی ئێران و بانکەکانی دیکە هەموو ڕاگوستنە ماڵییەکانیان یەک لەوانه ١٤٨ ملیۆن دۆلار، ٩٦٧ ملیۆن یۆرۆ، ٥٣ میلیۆن دەرهەمی ئیمارات و ٢٣٥ میلیارد ڕیاڵی ئێران دەستی بەسەردا گیراوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دادستانی بەحرەین، بانکی ناوەندیی ئێران داوای لە بانکی ''ئەلموستەقبەلـ''ـی بەحرینی کردووە کە لە ڕێکارێک  کەڵک وەرگرێت کە ڕاگواستنە ماڵییەکان کە بە ئامانجی دەورلێدانەوەی گەمارۆکان و پشتیوانیی ماڵیی تێرۆریزم ئەنجام دەدرێت؛ شاراوە بمێنێتەوە.

هەروەها لە ڕاپۆرتی دادستانی "بەحرەینـ"ـدا هاتووە کە بەرپرسانی بانکی ''ئەلموستەقبەل'' لەگەڵ بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئیران لە ڕێگای کەڵکوەرگرتن لەو ڕێکارە نەناسراوە زیاتر لە ١.٣ میلیارد دۆلار پارەیان ڕاگواستووە، کە یەکێک لە گەورەترین عەمەلیاتی سپیکردنەوەی پارەیە.