کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی کۆنلۆنـ"ـی چین هاوکاریی ئێران ناکات

18:31 - 16 گەلاوێژ 2720

ئەندامێکی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی وڵاتی چین بەهۆی گەمارۆی سەر کەشتیڕانی و گواستنەوەی پارە و دراو بیانووی هەیە و لەگەڵ ئێران هاوکاری ناکات.

"عەلی شەریعەتی" ئەندامی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران بە ئاماژەدان بە پەسندنەکردنی FATF و کاریگەریی لەسەر نەگەڕانەوەی دراوی هەناردەکراو وتوویەتی لیستەی نوێی FATF بە دڵنیاییەوە کێشەی نوێ دروست دەکات، تەنانەت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەوروبەریشماندا بەهۆی گەمارۆکانەوە لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بووینەتەوە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە زۆرترین کێشە پێوەندی هەیە بە کاڵا سەرەکییەکان کە لە چین و هەندێ جاریش لە ڕووسیەوە هاوەردەی دەکەین، چین بەهۆی گەمارۆی کەشتیڕانی و گواستنەوەی پارە بیانووی هەیە و هاوکاریمان ناکات.

ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران ئاشکرای کردووە لە گەڕی نوێی گەمارۆکاندا دژ بە ئێران بانکی "کۆنلۆنـ"ـی چین هاوکاریمان لەگەڵدا ناکات.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویەتی سەرەڕای ئەوەیکە چین و ڕووسیە خۆیان گەمارۆیان لەسەرە بەڵام بە تێبینییەکی زۆرەوە کار لەگەڵ ئێمەدا دەکەن.

ناوبراو هەروەها باسی لە نەگەڕانەوەی ٢٧ میلیارد دۆلار دراو بۆ ناوخۆی ئێران کردووە کە ئەویش لە بەشی پیشەی پێترۆشیمی و پۆڵا دایە کە زۆرینەی بەڕێوبەرانی سەر بە کەرتی تایبەت نین.

گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ئابووریی ئەو وڵاتەی تووشی داڕمان کردووە و تەنانەت وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانی ڕێژیمی ئێرانیش لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا خۆ دەبوێرن.