کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکێکی عێراقی، هاوکاریی ماڵیی سپای تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران دەکات

17:43 - 26 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بانکێکی عێراقی بە تۆمەتی هاوکاریی سپای پاسدارانی ڕێژیم، کەوتە لیستی ئابڵۆقە ئابووورییەکانی خەزێنداری ئامریکاوە.

بەپێی هەواڵێکی بڵاوکراوە، بانکێکی عێراقی بە ناوی "ئەلبیلاد" یارمەتی بانکی ناوەندیی ئێرانی داوە، هەتا میلیۆنان پارەی سپای قودسی پاسداران بۆ حیزبوڵڵای لوبنان بگوازیتەوە. 

سەرۆکی خەزێنەداری ئامریکا، "ستیڤن تی منوچێن" لەم بارەوە ڕایگەیاند: "ئامریکا ڕێگە بە کەڵکاژۆیی ڕێژیمی ئێران لە سیستمی ماڵیی نێونەتەوەیی بۆ پشتگرتنی تیرۆریزم نادات".

ئامریکا بە هۆی هاوکاریکردنی ئەم بانکەی عێراق لەگەڵ بانکی ناوەندیی ئێران لە پشتیوانیکردنی گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵڵا، ئابڵۆقەی خستە سەر بەرپرسی ئەم بانکە کە شوناسی بە "ئاراس حەبیبە" ڕاگەیەندراوە.

هەروەها بە هۆی هاوکارییەکانی بەرپرس و جێگری بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئێران لەگەڵ سپای پاسداران، لە لایەن ئامریکاوە کەوتوونەتە نێو لیستی ئابڵۆقە ئابوورییەکانەوە.

ئامریکا لە دوای چوونەدەرەوەی لە بەرجام، ئابڵۆقەکانی لەسەر ڕێژیمی ئێران زیاتر کردەوە و بڕیار وایە لە داهاتووشدا ئابڵۆقەکان زیاتریش بکرێنەوە.