کوردستان میدیا: بانکێکی فەڕانسەوی بە هۆی پێشێلکردنی یاسای گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و دروستکردنی پێوەندیی ماڵی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە، لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، بانکی (سویسیتە ژێنراڵـ)ـی فەڕانسە، بە هۆی ئاڵوێری دارایی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە، بە بڕی یەک میلیارد و سەد میلیون یۆرۆ سزا دراوە.
بانکی سویسیتە ژێنراڵ، یەکێکە لە گەورەترین بانکەکانی فەڕانسەیە و کاریگەرییەکی یەکجار زۆری بەسەر ئابووریی ئەو وڵاتەدا هەیە.
ئەو بانکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، کە لە داراییەکانی خۆی بڕی یەک میلیارد و سەد میلیون یۆرۆی بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی لەگەڵ ناوەندە قەزاییەکانی ئامریکا وەلا ناوە.
سویسیتە ژێنراڵ هەروەها لە مانگی ژوئێنی ڕابردوودا، لە لایەن دەزگای قەزاییی ئامریکا و فەڕانسەوە بە دانی یەک میلیارد و پانسەد میلیۆن یۆرۆ سزا درابوو، کە ناچار بە دانی ئەو بڕە پارەیە کرا.
بەرپرسانی ئامریکایی، بەردەوام بە نیسبەت پێوەندی و چالاکییە ماڵییەکانی ئەم بانکە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە ئامریکا گەمارۆی بەسەریان سەپاندووە، ڕەخنەیان گرتووە.