کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکەکان دەستیان بەسەر بیمەی خەسارەتی بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان گرتووە

19:11 - 23 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: هەندێک لە بانکەکان بە دەورلێدانی یاسا، ئەو وامانەی کە بۆ بوومەلەرزەلێدراوان دابین کراوە، لە جیاتی قەرزی خۆیان دەستیان بەسەردا گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، هەندێک لە بانکەکانی پارێزگای کرماشان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاسا و بڕیارەکان، بوودجەی دابینکراو بۆ قەرەبووی خەسارەتی بوومەلەرزەلێدراوانیان لە جیاتی قەرزی خۆیان هەڵگرتووە، بەبێ ئەوەی گرنگی بدەن بە بارودۆخی لێقەوماوان و ئەو خەڵکە ئاوارەیە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە هەتا ئێستەش بانکەکان، ئەو وامانەی کە بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵی لێقەوماوان و زیانەکانیان دیاری کراون، زۆر بە کەمی بە خەڵکی دەدەن و هەر ڕۆژە بیانوویەک به خەڵک دەگرن و وەرگرتنی وامەکانیان بە دانانی یاسای سەربەخۆ، زۆر ئەستەم کردووە.

ئیدارە و دامەزراوەکانی ڕێژیم، کە دەبێت لە پێوەندی لەگەڵ یارمەتیدان و هاوکاریی خەڵک بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان چالاکیی بکەن، لەوپەڕی کەمتەرخەمییەوە لە جێبەجێ کردنی کاروباری ئەو خەڵکە خۆیان دەبوێرن.

ڕەزا مەحموودیان، بەرپرسی گشتیی بەڕێوەبەری قەیرانی پارێزگاری کرماشان ڕایگەیاندووە: کە بانکەکان مافی ئەو کارەیان نییە و دەسبەسەرداگرتنی بیمەی خەسارەتی لێقەوماوان نایاسایییە؛ دامەزراوەکانی ڕێژیم کاروباری یەکتر دەبنە ژێر پرسیارەوە و بە نایاسایی دەزانن، بەڵام هیچ دەزگایەک نییە سەرپەرەستیی ئەو ئیدارانە بکات، کە نەتوانن سەربەخۆ بڕیار بدەن.