کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکەکانی ڕێژیم سەرچاوەی دزی و خەیانەت بە ئەمانەتن

16:45 - 10 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بانکەکانی ڕێژیمی ئێران بە تایبەتی لە کوردستان هەر جارێک بە بیانوو و فێڵێک دەست بە سەر پارەی خەڵک دادەگرن.

 بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا،  ئەو کەسانەی کە لە شارەکانی ئێران و کوردستان دەست بە سەر پاره نەختییەکانیان لە بانکەکاندا گیراوە نەیانتوانیوە ماڵەکانیان لە بانک وەربگرنەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، ئەو ئیقدامەی بانکەکانی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە بەردەوام کاربەدەستانی بانکەکان، بەشێکی زیاتر لە حیسابی هاووڵاتییان مەسدوود دەکەن و ئیزن نادەن خەڵک دەستیان بە پارەکانیان ڕابگات.

 لە درێژەی تاڵانکردنی خەڵکدا بانکەکانی میللەت ، سادرات ، میللی و هتد لە شارەکانی سەقز ، سەرپێڵی زەهاو ، کەرەج و زۆر شاری دیکە بەردەوام پارەی خەڵک بلۆکە دەکەن و لە بەرانبەر ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکدا هیچ وڵامێکی ڕوون نادەنەوە.

 هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کرد، ئەو کەسانە کە حیسابەکانیان مەسدوود کراوە بانگهێشتی دادگای سنە دەکرێن و لەوێوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە دەکرێن . لە ئیتلاعات هەموو چەشنە هەڕەشەیەک لە خەڵک کراوە تەنانەت بە کەسانێکیان وتووە ئەگەر زۆر دەنگی لێ بەرز بکەنەوە خۆیشتان دەگرین یان سەرتان تێدا دەبەین .

لەوپێوەندییەدا، چەند ڕۆژێک پێش سەفەری "هیمەتی" سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران بۆ شاری سنە پڕۆژەی مەسدودکردنی سامانی نەختیی خەڵک دەستی پێکرد و هەتا ئێستاش هەر درێژەی هەیە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کرد، هاوکات لەو ڕوەوە کە لە زۆربەی شارەکانی ئێرانەوە خەڵکانی ماڵخوراو بانگهێشتی ئیتلاعاتی سنە دەکرێن وێدەچێ ناوەندی ئەم عەمەلییاتە ئابوورییە پڕ لە دزی و خەیانەتە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە جێگیر کرابێت.

لەم بارەوە کارمەندێکی بانکی سادرات کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند: "ڕێژیم لەژێر گوشاری زۆری ئابوریدایە و ناتوانێت پێش بە گرانی و دابەزینی بەهای تمەن بگرێ هەر بۆیە بە شێوەی پلان بۆ دارێژراو و بە بیانوی جۆراوجۆر دەست بە سەر پوڵە بانکیەکاندا دەگرێ هەتا کەلێنە ئێقتسادیەکانی وڵاتی پێ پڕ بکاتەوە.

ڕێژیم هەوڵدەدات بەم جۆرە نەقدینەگی لە بازاڕدا کەم بکاتەوە هەتا کەسانی بازاڕی و چالاک تووشی هەڵاوسانی ماڵی ببن و ترسێک لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا دروست ببێت کە چیدی ئاڵوگۆڕی ئەرز نەکەن".