کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکەکانی ڕێژیم لە کوردستان دزی دەکەن

11:18 - 12 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بانکەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان دەستیان بەسەر حیسابی بانکیی بەشێکی بەرچاو لە خەڵک و کاسبکاراندا گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، حیسابی بانکیی بەشێکی بەرچاو لە کاسبکاران لە شارەکانی کوردستان، بە تایبەت سەر بە پارێزگای سنە لە لایەن بانکەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەستی بەسەردا گیراوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، هۆکاری ئەم کارەی بانکەکانی ڕێژیم بووەتە هۆی سەرسووڕمانی هاووڵاتییان و لە کاتی سەردانیان بۆ بانک لەگەڵ وەڵامی ناڕوون بەرەڕوو دەبنەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا هەروەها باسی لەوەش کرد، لە درێژەی سەردانی موشتەرییەکان بۆ بانک و پرسینی هۆکاری دەستبەسەرداگرتنی حیسابەکانیان، بەرپرسانی بانک سەرەتا نکۆڵی لە هەر جۆرە زانیاییەک دەکەن. پاشان لە ئاکامی پێداگریی موشتەرییەکان، پێیان ڕادەگەینن کە لە لایەن  دادگای ناوەندی پارێزگا، واتە لە سنەوە، داوای دەستبەسەرداگرتنی حیسابەکان کراوە، بەڵام کاتێک کە سەردانی بانکی ناوەندی لە سنە دەکەن، بە ڕاشکاوی پێیان ڕادەگەینن کە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بڕیار هاتووە و ناچارن کە جێبەجێی بکەن.

زۆربەی هاووڵاتییان پێیان وایە کە پێویستە خەڵک وشیار بن و بەر لەوەی کە پاره و سەرمایەکانیان زەوت بکرێ، لە بانکەکان وەدەری بخەن.