کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگهێشتی ١٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سایین‌قەڵاوە

19:29 - 8 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی گوندەکانی سەربە شارستانی سایین‌قەڵای بانگهێشت کردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ٣ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، ٦ کەس لە دانیشتوانی گوندی قازانلی و چوار هاووڵاتیی دیکەی گوندی حاجی ئاوای سەربە سایین قەڵا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە بانگهێشت کراون.

هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی ئەو ناوچەیە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی بانگهێشتی ئەو ١٠ هاووڵاتییە، بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: ئەو ١٠ کەسە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی رێژیمی ئێران بانگهێشت و لێپیچینەوەیان لێ کراوە.

بانگهێشتی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و ناوەندە نیزامیی و ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە، بە شێوەی بەردەوام درێژەی هەیە.
هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، نایاسایی و بەبێ مۆڵەتی دەزگای قەزایی رێژیمەوە بانگهێشت دەکرێن .