کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی ناوەندی هاوکاری سەبارەت بە سووتانی دارستانەکانی کوردستان

11:03 - 15 جۆزەردان 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان ئێران سەبارەت بە سووتانی دارستانەکانی کوردستان، ڕوو لە خەڵک، ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و تێکۆشەرانی ژینگە، بانگەوازێکی بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی ئەو بانگەوازەدا داوا لە خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان کراوە کە لە ئەگەری هەرچەشنە ڕووداوێکی هاوشێوەدا بە هانای ژینگەپارێزانەوە بچن و ڕێگا نەدەن ژینگەی کوردستان وا بە ئاسانی لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە بسووتێن و لەنێو بچن.

دەقی بانگەوازەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان، ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان، تێکۆشەرانی ژینگەپارێز!

هەر وەک هەموو لایەک ئاگادارن، ماوەی چەند ڕۆژێکە دیسان جەنگەڵ و دارستانەکانی زاگرۆس لەلایەن دوژمنانی ژینگەی کوردستانەوە ئاگریان تێبەردراوە و هەتا ئێستا سەدان هێکتار لەو لێڕەوارانە لە ناوچەکانی مەریوان، باینگان، مەرەخێڵ، هەجیج، داریان، داڵاهۆ و پاوە و زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان لە ئاگردا سووتاون. ئەوە یەکەمجار نییە کە ژینگەی کوردستان و بەتایبەت لێڕەوار و دارستانەکانی لەلایەن دوژمنانی وڵاتەکەمانەوە بە مەبەستی لەنێوبردن ئاگریان تێ بەردەدرێت و بەشێکی زۆریان دەسووتێن و لەنێو دەچن. ساڵانی ڕابردووش لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و هاوین لە سەرانسەری کوردستان هەر لە ماکۆوە بگرە هەتا ئیلام و لوڕستان ئەو ڕووداوانە دووپاتە و چەند پاتە بوونەتەوە و لەم ساڵانەدا بەداخەوە بە هەزاران هێکتار لەو سەرمایە نەتەوەییانەی وڵاتەکەمان لەنێو چوون و تێک دراون.

دیارە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە وەرزی گەرمادا ڕەنگە لە زۆر وڵاتی دیکە لە جیهاندا ڕووبدات، بەڵام ئەوەی ئەم ڕووداوانەی کوردستان لە هەموو شوێنک جودا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە وڵاتانی دیکە لە ئەگەری هەر ڕووداوێکی لەو چەشنە دەوڵەت و لایەنە بەرپرسیارەکانی ئەو وڵاتە دەستبەجێ دەکەونە هەوڵی بێوچان بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام لە کوردستان دەوڵەت و شوێنە فریاگوزارییەکان نەتەنیا هیچ هەنگاوێک بۆ کوژاندنەوە و ڕزگارکردنی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان هەڵناگرن بەڵکوو زۆر بە ئاشکرا ڕێگری دەکەن لە هەوڵی خۆبەخشانەی خەڵک و چالاکان و خەمخۆرانی ژینگەپارێزی کوردستان کە بە دەستی بەتاڵ و بەبێ هیچ کەرەستەیەکی ئاگرکوژاندنەوە ڕووبەڕووی دۆخەکە دەبنەوە و دەیانهەوێت ژینگەی وڵاتەکەیان لە سووتان و لەنێوچوون بپارێزن.

چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی کوردستان لە زۆربەی شارەکاندا ساڵانێکە ڕێکخراوی جۆربەجۆریان بە مەبەستی وشیارکردنەوەی گشتیی خەڵک و هەوڵی بێوچان بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانەی کە لە دارستانەکانی کوردستان ڕوو دەدەن، پێک هێناوە، بەڵام دەوڵەت و بەتایبەتی لایەنە ئەمنییەتییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی نەتەنیا هیچ هاوکارییەکی ئەو ڕێکخراوانەیان نەکردووە بەڵکوو بەردەوام تەنگوچەڵەمەیان لە بەردەمیاندا دروست کردووە و جاریش وایە بە تۆمەتی جۆربەجۆر لەلایەن ئیلاعات و سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون و حوکمی قورسیان بەسەردا سەپاندوون. تەنانەت لە ڕووداوێکی گوماناویی ئاگرتێبەردان بە دەستی سپای پاسداران و هەوڵی ژینگەپارێزانی خەمخۆری وڵاتەکەمان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، دوو ساڵ لەوەپێش لە ناوچەی مەریوان چوار کەس لەو تێکۆشەرانە کە دیارترینیان چالاکی بەناوبانگی ئەو بوارە "شەریف باجوەر" بوو لە ئاگردا سووتان و شەهید بوون.

ئێستاش هەر وەکوو ساڵانی پێشوو ئەو ئاگر تێبەردانانە لەلایەن دوژمنانی وڵاتەکەمانەوە بەردەوامە و لەم چەند ڕۆژەدا کە دارستانی ناوچەکانی داڵاهۆ و پاوە و مەریوان لە ئاگردا دەسووتێن، لایەنە بەرپرس و پێوەندیدارەکانی حکوومەت هیچ هەوڵێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دارستانانە نەداوە و سەرەڕای هەوڵی بێوچانی خەڵک و بەتایبەت ژینگەپارێزانی ئەو ناوچانە، بەداخەوە ئاگرەکە لە تەشەنەکردندایە و تا دێ زەرەر و زیانی زیاتر لەو سامانە نەتەوەییەی وڵاتەکەمان دەدرێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای سپاس و ماندوو نەبوونی لە هەوڵ و هیممەتی چالاکان و ژینگەپارێزانی دەروەستی وڵاتەکەمان بۆ کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنیی ئەو ئاگرانە داوا لە هەموو لایەنە بەرپرسەکانی بواری پاراستنی ژینگە لە ئێران و ناوچەکە و لە جیهان دەکات کە فریای ژینگەی کوردستان بکەون و نەهێڵن دارستان و لێڕەوارەکان و بەگشتی ژینگەی کوردستان لە ئاگری ڕقی ڕێژیمی ئیسلامیدا بسووتێن و لەنێو بچن.

داوا لە ناوەندە جۆربەجۆرەکانی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەکەین کە ئەوەی لە دەستیان دێت بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕێکخراوە جیهانییەکان و بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنجیان لەسەر سووتمانەکانی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان درێغی نەکەن و هەموو لایەک لەو کارەساتە ژینگەییە ئاگادار بکەنەوە کە بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

لە کۆتاییدا داوا لە خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان دەکەین کە لە ئەگەری هەرچەشنە ڕووداوێکی هاوشێوەدا بە هانای خەمخۆران و ژینگەپارێزانی وڵاتەکەمانەوە بچن و ڕێگا نەدەن ژینگەی کوردستان و سەروەت و سامانی نەتەوەییمان وا بە ئاسانی لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامی و ناوەندە ئەمنییەتییەکانیەوە بسووتێن و لەنێو بچن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٩