کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانێک و دوو هەوا

23:38 - 17 خاکەلێوه 2722

شەماڵ تەرغیبی

ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوە، ئاستانی قودسی ڕەزەویی ڕێژیم لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر سێ تەڵەبە لە سەحنی حەرەمی ئیمام ڕەزا کە لانیکەم یەک کەسیان بە ناوی "محەممەد ئەسڵانی" کوژراوە. هەواڵدەریی ئیلناش لەمبارەوە وتوویەتی ئەم سێ کەسە لە تەڵەبە جیهادییەکان بوون کە لە کاتی ڕۆیشتن بۆ دانیشتن و کۆبوونەوەی گرووپە جیهادییەکانی پەراوێزی شاری مەشهەد لێیان دراوە.

جیاواز لەوەیکە ئامانجی بکەری ئەم ڕووداوە چی بووە دەبێ سەبارەت بە هەندێ ڕەهەندی دیکەی ڕووداوەکە و ڕووداوە هاوشێوەکان هەڵوێستە بکەین؛ یەکەم پرس کە لێرەدا نووسەری ئەم دێڕانە دەیهەوێ قامک بخاتە سەری ئەوەیە کە بۆچی ئەم ڕووداوە بەم شێوەیە و بەو بەربڵاوییە لە ڕاگەیەن و میدیاکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ڕووماڵ کرا؟! لەحاڵێکدا دوو ڕۆژ پێش لەم پرسە دوو مەلای سووننی مەزهەبی تورکەمەن لە شاری گۆنبەدی کاووسی پارێزگای گوڵستان لە مزگەوت و لە کاتی چوون بۆ نوێژی تەراوێح بە چەکی گەرم هێرش کرا سەریان و کوژران بەڵام هەواڵەکەی تەنیا لە چەند ماڵپەڕی لۆکاڵیدا بڵاو کرایەوە و هیچ دەنگدانەوەیەکیشی نەبوو!

ڕەنگە یەکەم دەرهاویشتەی زەینی مرۆڤ لەو کاتەدا بۆ ئەو هەڵاواردن و جیاوازیدانانە سیستماتیکە بگەڕێتەوە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی لە نێوان ئایین و ئایینزاکاندا دادەنرێ دەنا ئەگەر وانییە چۆنە کە هەواڵی برینداربوون و کوژرانی سێ ئاخوندی شێعە ڕەنگ و بۆنی پێ دەدرێت بەڵام بۆ ئاخوندی سووننی ئەم پرسە ڕەچاو ناکرێت؟ ئەمە بۆخۆی بانێکە و دوو هەوا!

ڕەهەندێکی تر کە لەم کورتەنووسینەدا ئاماژەی پێدەکرێ ئاوڕدانەوەیەکە لە بڕیارێکی شۆرای باڵای ئەمنیەتی ڕێژیم کە لەم دواییانە بڵاو کرایەوە؛ ماڵپەڕی کوردستانمیدیا ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلیوە ئاشکرای کرد بە بڕیاری شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران و ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ٢٥٠ کەس لە ئەندامانی ئەلقاعیدە، جیهادی، سەلەفی و ئەنسارولئیسلام کە لە دەیەکانی ٨٠ و ٩٠ی هەتاویدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کراون، بە قەبووڵکردنی مەرجەکانی ڕێژیم ئازاد دەکرێن.

ئەو کەسانەی ئەندامی گرووپی تێرۆریستیی "داعش" و باقی گرووپە جیهادییەکانی دیکەش بوونە وەبەر ئەم بڕیارە دەکەون!

مەرجی ڕێژیم بەو شێوەیەیە کە ئەو کەسانە دەبێ قەبووڵ بکەن کە لە ڕێگای خۆتەقاندنەوەوە عەمەلیاتی تێرۆریستی ئەنجام بدەن.

دواتر ئەو کەسانە لە شانەکانی داعش، ئەلقاعیدە و "ئەنسارولئیسلامـ"ـدا سازماندەهی دەکرێن و چالاکییەکانیان لە سپای قودس دەست پێ دەکەنەوە.

بەپێی مەرجەکانی ڕێژیمی ئێران ئەو سەلەفیانە دەبێ دژی ئامریکا، ئورووپا، ئیسرائیل، عێراق، هەرێمی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دژبەرانی ئێران کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام بدەن.

ئەو کەسانە دوای ڕاهێنانی پێشکەوتووی نیزامی دیسانەوە سازماندەهی دەکرێن.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە کۆماری ئیسلامی، ئەگەرچی لای ڕای گشتی خەنەی ڕەنگی نەماوە و پەتەی لەسەر ئاو کەوتووە، بەڵام ئیدیعا دەکات کە قوربانی تێرۆریزمە و دژایەتی ڕەوتە تێرۆریستییەکان دەکات و فرمێسکی حەرامە بۆ خۆی دەڕێژێ بەڵام وەک دەبینین بۆخۆی سەرقاڵی داڵدە و دنەدانی ڕەوتە تێرۆریستییەکانە بۆ زیاتر تێکدانی ڕەوشی جیهان و ناوچە و لێئەستاندنەوەی سەقامگیری لە مرۆڤی ئەم سەردەمە. ئەمەش پەردەیەکی تری بانێک و دوو هەوایە!

پرسێکی تر کە لەم نێوانەدا دەتوانین لە درێژەی ئەم باسەدا بیهێنینە گۆ ئەو ڕاستییە سەلماوەیە کە هەنووکە و پاش زیاتر لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی خەڵکانی ئێران نەتەنیا متمانەیان بە ئاخوند و کەسانی بەناو پێشڕەوی ئایینی فەرمی لە ئێراندا نەماوە بەڵکوو بەرامبەریان ڕقیان بەستووە و بە چاوی سووکەوە سەیریان دەکەن؛ تەنانەت ئەم دۆخە وەهای لێهاتووە کە وەک ئاخوند فازڵ مەیبۆدی، "ئەندامی کۆڕی لێکۆڵەران و فێرکارانی حەوزەی عێلمییەی قۆم" دەڵێ: "بێزاری و ڕقی خەڵک لە ئاخوندەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە ئاخوندەکان لە ترسی هێرش و سووکایەتی‌کردن و لاتاولێدانی خەڵک ناوێرن بە عەبا و عەمامەوە بچنە نیو بازاڕەکان!" ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێبەری یەکەمی ئەم ڕێژیمە واتە خومەینی لە بەرگی ٨ی کتێبی سەحیفەدا باس لەوە دەکات کە ئەگەر ڕۆژگارێک کەلێن بکەوێتە نێوان خەڵک و ئاخوندەکان ئەوە ئێمە گەورەترین خەیانەتمان بە دین کردووە؛ یان لە شوێنێکی تری ئەم کتێبەدا دەڵێ: ئاخوند دەبێ جۆرێک هەڵسوکەوت بکات کاتێک کە خەڵک لە بازاڕدا دیتیان وەبیر پێغەمبەر بکەونەوە! بەڵام ئایا ئەم قسەیە لەگەڵ ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ ئاخوندەکان لە ئێراندا پێکیان هێناوە یەکانگیرە؟ بەدڵنیاییەوە نا! لە ئەمڕۆی ئێراندا ئاخوندەکان بوونەتە کیمیاگەری ناڕاست کە زێڕ دەکاتە زبڵ، کەواتە ئەوەیکە هەیە تەنیا وەک دەڵێن "بانێکە و دوو هەوا".