ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، حاجی "حەسەن خورشیدی" باوکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بە ناوەکانی شەهیدان ''فەتاح و سەلاح خورشیدی''، لە ئاوایی ''قاڕنجە''ی سەر بە شاری بۆکان، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حاجی ''حەسەن'' ماوەی چەند ساڵ لە ڕێزی تێکۆشەرانی دێموکراتدا خەباتی کردووە و لە ناوچەدا کەسایەتییەکی خۆشناو و جێی متمانەی خەڵک بووە.
شەهید فەتاح خورشیدی ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی لە گوندی قارنجەی گەورە لەدایک بووە. ناوبراو دوای پێوەستبوونی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمەی ١٣٦٢ لە گوندی ''تاڵاو'' لە دەرگیری لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بووە.
کوڕێکی دیکەی حاجی حەسەن بە ناوی شەهید ''سلاح خورشیدی'' ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لەدایک بووە. ناوبراو دوای ئەوەی کە دێتە نێو ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ١٣٦٢ی هەتاوی لە ناوچەی ''حوسێن ئاوا'' لە شەڕ و دەرگیری لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بووە.
هەروەها دوو کوڕی دیکەی حاجی حەسەن لە شەڕی داگیرکەرانی نیشتماندا بەسەختی بریندار بوون و بوون بە کەمئەندامی سەنگەر.
تەرمی حاجی حەسەن لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.