ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی کاک "بارام منبەری" کوڕی "ئیبراهیم" ناسراو بە "کوێخا بارام" باوکی شەهیدان "شەهرام و شاخەوان منبەری" ماڵاوایی لە ژیان کرد.
"کوێخا بارام" ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی لە ئاوایی "نییەر" سەر بە شاری سنە لەدایک بووە. ناوبراو بەهۆی ئەوەی دوو کوڕی لە ڕیزەکانی شۆڕشدا شەهید ببوون و کەسێکی نیشتمانپەروەر بوو، هەمیشە جێگای ڕێز و متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو.
شەهید "شەهرام منبەری" ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی لە گوندی "نییەر" لەدایک بووە. ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتیی لەشان کردووە. شەهید شەهرام لە حیزبدا چەند بەرپرسایەتیی هەبووە و کادری دەرەجەی ٣ی حیزب بووە.
شەهید شەهرام ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە ناوچەی "وەیسە"ی مەریوان لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شەهید بوو و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە. گڵکۆی ناوبراو لە گوندی نییەری سەر بە شاری سنەیە.
کوڕێکی دیکەی کاک بارام بە ناوی "شاخەوان منبەری" ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە گوندی نییەر لەدایک بووە. ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی ڕووی کردووەتە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەهۆی لێهاتوویی وەک کادرێکی سیاسی ئەرکی حیزبیی بەڕێوە بردووە.
ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی لە کۆساڵان لە نزیک گوندی "دوڕوو" لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگەکانی دیکە دوای شەڕێکی قارەمانانە دژی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
تەرمی کوێخا بارام لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.