کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی دوو شەهیدی کوردستان لە ناوچەی هەوشار کۆچی دوایی کرد

10:16 - 15 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: مام عەلی عەبدی باوکی شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان، عەبدوڵا و حەسەن عەبدی بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی مام عەلی عەبدی خەڵکی گوندی داشبەراتی ناوچەی هەوشار باوکی شەهیدان عەبدوڵا عەبدی ناسراو بە عەبە سەلبێ و حەسەن عەبدی ناسراو بە حەسەن سەلبێ کۆچی دوایی کرد و لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچە بە خاک ئەسپێردرا.

مام عەلی بە کەسێکی خۆشناو و جێگەی متمانەی خەڵکی ناوچەی هەوشار دەژمێردرا کە هەموو دەمێک بە شانازییەوە یادی کوڕە شەهیدەکانی دەکرد.

شەهید عەبدوڵای کوڕی مام عەلی فەرماندەی لکی یەک لە هێزی شەهیدانی هەوشار بوو کە لە شەڕێکی نابەرامبەردا لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٣٦٥ی هەتاوی لە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز شەهید بوو.

هەروەها شەهید حەسەنی کوڕی مام عەلی لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە ناوچەی گەورکی سەقز بەهۆی شەڕێکی نەخوازراوی داسەپاودا گیانی ئازیزی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی خەمی لە دەستدانی ناوبراو سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکار و بنەماڵەی بەڕێزیان دەکات و خۆی بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانێت.