کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی دوو شەهیدی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:49 - 29 بانەمەڕ 2720

کاک "ڕەحمەتوڵڵا زەهابی" باوکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۲٨ی بانەمەڕ، کاک "ڕەحمەتوڵڵا زەهابی" باوکی شەهیدان "ئیسماعیل و مستەفا زەهابی" لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو کەسێکی نیشتمانپەروەر و جێگای ڕێزی خەڵکی ناوچەکە بوو و هەتا دوا ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات مایەوە.

شەهید "مستەفا زەهابی" لە مەهاباد لەدایک بوو و لە تەمەنی لاویەتیدا پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو.

شەهید مستەفا ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی ٦٢ لە شوێنێک بە ناوی "خڕەجۆ" بەهۆی تۆپبارانەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید بوو.

هەروەها شەهید "ئیسماعیل زەهابی" کوڕەکەی دیکەی کاک "ڕەحمەتوڵڵا" ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی لە مەهاباد چاوی بە دنیا هەڵدێنێ. دوای ئەوەیکە دوژمن هێرش دەکاتە سەر خاکی کوردستان چەکی پێشمەرگایەتی لە شان دەکات و بەرگری لە خاکی کوردستان دەکات.

شەهید ئیسماعیل لە دەرگیرییەکدا دژی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندی ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی سالی ٦٢ لە شوێنێک بە ناوی "کەوپەڕ" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

تەرمی کاک ڕەحمەتوڵڵا لە مەهاباد زێدی خۆی بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.