کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهید "ڕەزا نادری" بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد

16:22 - 12 رەشەمه 2721

حاجی "ڕەحیم نادری" باوکی شەهید "ڕەزا نادری" بەهۆی ڕاوەستانی دڵ لە شاری مەهاباد بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"حاجی ڕەحیم" ساڵی ١٣١٨ی هەتاوی لە گوندی "قەمتەرێـ"ـی سەر بە شاری مەهاباد لەدایک بووە.

 ناوبراو لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر پێگەیشتبوو و ئەندامانی بنەماڵەکەی سەر بە کۆمەڵەی ژێکاف بوون. حاجی ڕەحیم باوکی شەهید "ڕەزا نادری" و خوالێخۆشبوو و پێشمەرگەی دیرینی حیزب کاک "لوقمان نادری" بوو.

"حاجی ڕەحیم" وەکوو کەسایەتییەکی تایبەت و باوکی شەهید لەلایەن خەڵکی ناوچەوە هەمیشە ڕێز و حورمەتی تایبەتی بۆ دادەندرا.

شەهید "ڕەزا نادری" ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی لە باوەشی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروە ر و دڵسۆز لە گوندی "قەمتەرێـ"ـی سەر بە شاری "مەهاباد" لەدایک بووە.

ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی پەیوەستی ڕیزەکانی شۆڕش لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و وەک پێشمەرگەیەکی هەڵسووڕ و ئازا توانیویەتی ببێتە ''سەرپەل" لە هێزی پێشمەرگەدا.

ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٦٩ی هەتاوی "شەهید ڕەزا" لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونێکی سەخت و دژوار لەگەڵ هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت گوندی "مەحموودئاوا" شەهید بووه و تێکەڵ بە ڕیزی کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی کوردستانەوە بووە.

تەرمی خوالێخۆشبوو لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.