کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد

10:58 - 13 رێبەندان 2720

ڕێکەوتی ٦ی ڕێبەندان، باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی نیشتیمان بە ناوی کاک "ئەبووبەکر مەشهووری"ناسراو بە "بەکر"خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و کۆچی دوایی کرد.

مام ئەبووبەکر باوکی شەهید "فەتاح مەشهووری "و کەسایەتییەکی دیار، مرۆڤێکی ڕووح سووک، جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەکە،  کەسایەتییەکی نیشتیمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەمیشە شانازی بە ڕێگا و ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەیەوە دەکرد، کە ڕێبازی حیزبی دێموکراتە.

خوالێخۆشبوو گەورەی بنەماڵەی "مەشهووری" و وەکوو کەسێکی جێگای متمانەی ناوچەی مەرگەوەڕ بوو.

شەهید "فەتاح مەشهووری" ساڵی ١٣٤٥ی  هەتاوی لە گۆندی "میراوێـ"ـی ناوچەی مەرگەوەڕ لەدایک بووە. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٤ی سەرماوەزی ١٣٦٢ی هەتاوی لە شەڕێکدا دژی داگیرکەرانی کوردستان هاوڕێ لەگەڵ فەرماندە "یووسف ئەمینی" لە چیای "ئاشێ با" تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان دەبن.

تەرمی شەهید فەتاح لە گۆڕستانی گۆندی قایەر لە ناوچەی مەرگەوەڕ بە خاکی نیشتمان سپێردراوە.

تەرمی "کاک ئەبووبەکر مەشهووری" باوکی شەهید "فەتاح مەشهووری" خەلکی گۆندی میراوێ لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لە گۆڕستانی گوندی میراوێ بە بەشداریی خەڵکی گوند و ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسووکاری بنەماڵەی مەشهووری دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.