کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

16:06 - 4 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری پاوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاک سەید "عوسمان حوسێنی" باوکی شەهید "بەرزان" لە شاری پاوە، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەکانیەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک سەید "عوسمان"، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەز، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"بەرزان حوسێنی" كوڕی سەید "عوسمان"، ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە گوندی "بەلەبزانـ"ـی سەر بە شاری پاوە لەدایک بووه.

شەهید بەرزان ساڵی ١٣٨٠ ڕۆیشتە ئورووپا ‌و بۆ ماوەی ٥ ساڵ نیشتەجێی ئورووپا بووە. هەر لەوێ‌ پەیوەندیی بە تەشكیلاتی حیزبەوە گرت و وەكوو ئەندام لە ڕیزەکانی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبدا كاری كردووە.

شەهید بەرزان ساڵی ١٣٨٦ گەڕایەوە بۆ كوردستان ‌و وەكوو پێشمەرگە لە ڕێزەكانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا سازمان دراوە. لەو ماوەیەدا پلەی تەشكیلاتیی كادریی وەرگرت ‌و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکە پێسپێردراوەکانی بەڕێوە بردووە.

 لە دوایین كۆنفڕانسی ناوەندی یەک‌دا، وەكوو ئەندامی ناوەندی ١ی كوردستان هەڵبژێردرا.

ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لەگەڵ تیمێكی پێشمەرگە ڕۆیشتەوە بۆ ناوچەی سەقز ‌و پاش نزیكەی ٢ مانگ، بە سەركەوتوویی گەڕایەوە. ناوبراو لە بەهاری ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا، لەگەڵ تیمێكی كادر ‌و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، ڕۆیشتەوە بۆ ناوچەکانی سنە ‌و مەریوان.

پاش جەولەیەکی ١٥ ڕۆژە، بەداخەوە لە ڕۆژی ٥ی پووشپەڕدا لە شاخی "کۆساڵان" کەوتنە بەر پەلاماری دوژمن و ٣ پێشمەرگەی ئازا و گیان لەسەر دەستی حیزبەکەمان شەهید بوون. بەرزان حوسێنی هاوڕێ لەگەڵ ٥ کەسی دیکە لە هاوسەنگەرانی لەو شەوەدا بێسەروشوێن بوون.

بەداخەوە پاش ساڵێک بەدواداچوونی ورد، دەرکەوت کە کاک بەرزان حوسێنی پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگی حیزب لە ئاگری قینی دوژمندا تێکەڵ کاروانی پڕ لە شانازیی شەهیدانی کوردستان بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری سەید "عوسمان" دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.