کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

13:10 - 16 رەشەمه 2719

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، کاک "قادر ڕەحیمزادە" باوکی شەهید "ئیسماعیل ڕەحیمزادە"، خەڵکی "بۆکان" ماڵاوایی لە ژیان کرد

کاک "قادر" کەسایەتییەکی حیزبدۆست بوو و لە دوای شەهیدبوونی ڕۆڵەکەی بۆ ماوەی چەند مانگ لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی بۆکان لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو و بەهۆی ئەو ئازارانەوە تووشی پچڕانی ڕیخۆڵە بوو.

دواتر بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە گرتووخانەی ورمێ دەسبەسەر کرا، بەڵام لە ڕێبازی شەهیدان پاشگەز نەبوو و بگرە شێلگیرانەتر هانی لاوان و خەڵکی دەدا بۆ بەگژداچوونەوەی دوژمنانی کورد و کوردستان، بەتایبەت کۆماری پەت و سێدارە.

شەهید "ئیسماعیل ڕەحیمزادە" ناسراو بە "مامۆستا ئازاد"، ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە "بۆکان" لەدایک بوو.

دوای پەلاماری ڕێژیمی ئێران بۆ کوردستان، پەیوەست بوو بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو و توانی کادری دەرەجە ٣ بەدەست بێنێت.

دەرەنجام شەهید "ئیسماعیل" لە ڕێکەوتی ١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە شەڕ و دەرگیرییەک دژی ڕێژیمی ئێران لە شوێنێک بەناوی "پشتی کولیجە" تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوو.

کاک "قادر ڕەحیمزادە" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.