کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

11:59 - 30 خەرمانان 2721

ڕۆژی ‏یەکشەممە ڕێكەوتی ٢٨ی خەرمانان، "ڕەحمان محەممەدی" باوكی شەهید "ئیسماعیل محەممەدی" خەڵکی گوندی "نەرزەمێز" سەر بە شاری "شنۆ" لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەکه بووە.

کاتێک ڕێژیمی ئێران هێرشی کردە سەر خاکی کوردستان، شەهید "ئیسماعیل" پەیوەست بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بووە و بەهۆی لێهاتووییەوە کراوە بە کادر و ئەرکی حیزبیی بەڕێوە بردووە.

ناوبراو ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٦٨ لە شوێنێک بە ناوی "دۆڵە زەوی" سەر بە مەزرای "بیمزورتێ" لە دەرگیرییەکدا دژی داگیرکەرانی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو. گڵکۆی ناوبراو لە گوندی "نەرزەمێز"ه.

هەروەها کوڕێکی مام ڕەحمان بە ناوی "ڕەحیم محەممەدی" كەمئەندامی حیزبی دێموكراتە.

تەرمی مام "ڕەحمان" له زێدی خۆی به خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەو پیاوە نیشتمانپەروەرە، سەرەخۆشی لە خزم و بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.