کوردستان میدیا: باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سنه ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مام "عەلی موراد مورادیان" باوکی شەهید "بەختیار مورادیان"، دوای تەمەنێکی پڕسەروەری، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
مام "علی موراد" کەسایەتییەکی حیزبدۆست بوو کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد و هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە.
شەهید "بەختیار مورادیان" ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی لە گوندی "تەنگیسەر"ی سەر بە شاری سنە، لەدایک بووە.
دوای هێرشی داگیرکەران بۆ سەر خاکی کوردستان پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەبێت و ئەرکی حیزبیی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە دەبات.
دەرئەنجام شەهید "بەختیار" لە دەرگیرییەکدا دژی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ٦٩ی هەتاوی لە شوێنێک بە ناوی چیای "کوڕەی میانە" لە مەریواندا، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان دەبێت.
گڵکۆی ناوبراو لە چیای "کوڕەی میانە"دایە.
تەرمی مام "عەلی موراد"، ڕۆژی ١٧ی خەزڵوەری ٩٨ی هەتاوی لە گوندی تەنگیسەر، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.