کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

17:28 - 27 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ۲۷ی خاکەلێوەی ۱۳۹۹ی هەتاوی میرزا "حوسێن شەریفی"، باوکی شەهید "ڕامین شەریفی" لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد.

میرزا "حوسێن شەریفی"، کەسایەتییەکی خۆشناو و جێگای متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی ناوچە و دەوروبەری بوو کە لە دوای شەهیدکرانی کوڕەکەی بە شانازییەوە باسی لە ڕێگا و ڕێبازی کوڕەکەی دەکرد.

کاک "حوسێن شەریفی" کۆڕی مەلا حەکیم ساڵی ١٣١٥ لەدایکبووی گوندی "مەڕان" و دانیشتووی شاری سەقز، بەهۆی ئەوەیکە ئەندامی حیزبی دێموکرات بوو ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی بۆ ماوەی ٢ ساڵ بۆ شاری "گوڵپایەگان" دوور خرایەوە.

ناوبراو لە هونەری خۆشنووسی بەهرەمەند بوو و کەسایەتییەکی دڵگیر، قسەخۆش و کۆمەڵایەتی و جێگای متمانەی خەڵک بوو. میرزا حوسێنی باوکی شەهید ڕامین هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەک لایەنگرێکی بەبیروباوەڕی حیزبی دێموکرات، جێی متمانە و باوەڕی خەڵک مایەوە.

لە تەواوی ئەو ساڵانەدا سەرباری نەخۆشی و زۆریی تەمەنی بەردەوام لە ژێر فشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم دابوو؛ بەڵام هیچ کات تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی ڕێژیم نەبوو.

میرزا حوسێن، دوای ئێعدامکردنی کوڕەکەی، چەند جار سەردانی حیزبی دێموکراتی دەکرد و لە دانیشتنەکانی لەگەڵ ئەو کەسانە کە سەریا لەو دەدا، هەموو کات دڵگەرمی دەکردن بە خەبات و شۆڕش و هانی دەدان بۆ بەردەوامی لە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان.

شەهید ڕامین کادری حیزبی دێموکرات، لە کاتی بەڕێوەبردنی مەئمووریەتێکی حیزبی لە هاوینی ساڵی ۸۲ لەلایەن هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و ڕێکەوتی ۱٥ی سەرماوەزی ۱۳٨۲ لە زیندانی شاری سەقز لەلایەن ڕێژیمی پەت و سێدارەوە ئێعدام کرا.

تەرمی میرزا حوسێن ئەمڕۆ ۲۷ی خاکەلێوە لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچە و خزم و کەسوکاری بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی ناوچەی سەقز و دیواندەرە دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.