کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی "محەممەد ئەوراز" (هەڵۆی چیاکان) لە "نەغەدە" کۆچی دوایی کرد

13:47 - 24 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات بە ناوی حاجی "ئەحمەد ئەوراز"، باوکی "محەممەد ئەوراز" شاخەوانی ناوداری کورد، لە "نەغەدە" ماڵاوایی لە ژیان کرد.

حاجی "ئەحمەد" کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەری "نەغەدە" و هەردەم وەفاداری هەمیشەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

ناوبراو لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا پێشمەرگە بووە و دواتر سێ ساڵ لە کوردستانی باشوور نیشتەجێ بوو.

حاجی "ئەحمەد" دوای گەڕانەوەی بۆ نێوخۆی وڵات شەش مانگ زیندانی کرا. لە شۆڕشی ٤٦ ــ٤٧دا بەشداریی کردووە و دواتر سێ ساڵ لە زێدی خۆی دوور خرایەوە.

ناوبراو دوو ساڵ لە زیندانی "فەلەکولئەفلاک" و یەک ساڵیش لە زیندانی "کاشمەر"دا بووە.

"محەممەد ئەوراز" لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی لە "نەغەدە" لەدایک بوو. ناوبراو یەکیک لە شاخەوانە بەناوبانگەکانی کوردستان و جیهان بوو.

"محەممەد ئەوراز" توانیبووی بەسەر چەند چیای بەناوبانگی جیهان لەوانە "چیای ئێڤێرێست"، "شیشاپانگما"،"ماکانلوو" و هەروەها چیای "مون بلان" سەر کەوێت.

ئەو شاخەوانە تێکۆشەرە، ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی، کاتێک لە وڵاتی پاکستان ویستی بەسەر چیای "گاشربرۆمدا" سەر کەوێت، کەوتە ژێر ڕنووی بەفرەوە و دوای چەند ڕۆژ لە نەخۆشخانەیەکی پاکستان کۆچی دوایی کرد.

مەرگی محەممەد ئەوراز لە دەستاودەستی و کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێراندا ڕوویدا، چونکە ئەو کاتێک گەیشتە نەخۆشخانە ئیتر هیوایەک بۆ مانەوەی نەبوو.

تەرمی حاجی "ئەحمەد ئەوراز" لە تەنیشت گڵکۆی کوڕەکەی (محەممەد ئەوراز) لە داوێنی چیای "سوڵتان یاقوبـ"ـی نەغەدە بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.