کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی پێشمەرگە و شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

12:16 - 31 جۆزەردان 2720

ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "محەممەد خیشتەندار" ناسراو بە "شامحەممەد" باوکی پێشمەرگە و شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا لە گوندی "ڕوار" سەر بە شاری مەریوان بەهۆی بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک "محەممەد" باوکی هاوڕێی پیشمەرگە "نەوشیروان خیشتەندار" و هەروەها باوکی شەهید "کەماڵ خیشتەندار" کادری دەرمانیی حیزبی دێموکرات لە هێزی زرێبار بوو.

ناوبراو ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی لە گوندی "ڕوار" سەر بە مەریوان لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بوو. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و دەستپێکی خەباتی ئاشکرای حیزب، کاک "شامحەممەد" یەکێک لەو سەدان کەسایەتییە بەبڕشتەی ناوچەکە بوو کە هەردەم پشتیوانیی لە خەباتی ڕەوای گەلەکەی دەکرد و تا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێگە و ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی و کوڕە پیشمەرگەکەی مایەوە.

لە تەواوی ساڵانی تەمەنیدا ماڵی ناوبراو شوێنی حەسانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بووە و لای حیزبی دێموکرات خاوەن ڕێز و خۆشەویستییەکی تایبەت بوو.

 شەهید "کەماڵ خیشتەندار" لە ساڵی ١٣٧٩دا لە ناوچەی هەورامان لە نێوان گوندەکانی "سلێن و ژیوار" کەوتە بەر پەلاماری دژەگەلییەکانی ڕێژیم و گیانی ئازیزی لە ڕێگەی ئازادیی نیشتمانەکەیدا بەخت کرد.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوای شەهیدبوونی شەهید "کەماڵ"، بەردەوام بووە لە ئازاردانی بنەماڵەی خیشتەندار و لە تەواوی ئەم ساڵانەدا، کۆچکردوو "شامحەممەد" چەندین جار وەبەر ئازار و ئەزییەتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم کەوت، بەڵام هیچ کات ئامادە نەبوو پشت لە ڕێبازی کوڕەکانی بکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی "خیشتەندار"، سەرەخۆشی لە هاوڕێ "نەوشیروان" و بنەماڵەکەی دەکات و خۆی بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانێت.