کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد

17:21 - 5 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ـی هەتاوی، کاک "عەبدوڵڵا بەشارەتی نیا" ناسراو بە "عەبدوڵڵا تاشکە" باوکی پێشمەرگەی دڵسۆز و زەحمەتکێشی حیزبی دیموکرات "بەڵێن بەشارەتی نیا" لە شاری مەهاباد بۆ هەمیشە چاوەکانی لەسەر یەک دانا.

کاک "عەبدوڵڵا" ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی  لە گوندی "ئاغاسوور"ی سەر بە شاری مەهاباد لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بووە.

 ناوبراو هەر لە سەرەتای منداڵییەوە بە بیری کوردایەتی و خۆشەویستی کوردستانەوە گۆش کراوە و لەسەر باوەڕ بە ڕێبازی دێموکرات لە ساڵەکانی ٨١ تا ٨٦ی هەتاوی لە زیندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مەهاباد و ورمێ زیندانی بووە.

زیندان و دەسبەسەری و ئەزیەت و ئازار هیچ کات نەیانتوانی لە باوەڕ بە ڕێبازی ڕێبەرانی شەهید و لە هیوای بە ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانە خۆشەویستەکەی واتە کوردستان کەم بکەنەوە.

ناوبراو لە ماوەی ژیانی خۆیدا منداڵەکانی خۆی بە بیری کوردایەتییەوە پەروەردە کردووە و کەسێکی شەڕافەتمەند بووە و لەنێو خەڵکیشدا کەسێکی دڵسۆز و جێگای باوەڕ بووە.

کوڕێکی کاک "عەبدوڵڵا" بە ناوی "بەڵێن بەشارەتی نیا" بە دوای ڕاگەیاندنی ڕاسان هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستان و ئێستا خەریکی بەڕێوەبردنی ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە سەنگەری حیزبی "دێموکراتـ"ـدایە.

کاک عەبدوڵڵا  لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە ببوو و بەداخەوە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ـی پووشپەڕ دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە خزم و کەسوکار و گەل و نیشتمانەکەی کرد.

تەرمی پیرۆزی کاک "عەبدوڵڵا" لە نێو ئاپۆرای خەڵکی مەهاباد و ناوچەکە تەسلیم بە خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو، خەڵکی گوندی "ئاغاسوور" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.