کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی پێشمەرگەیەکی كوردستان کۆچی دوایی کرد

11:17 - 16 خەزەڵوەر 2720

حاجی "دەروێش قادری"، کەسایەتیی ناسراو و نیشتمانپەروەری ناوچەی سەڵماس، باوکی "محەممەد ساڵح قادری"، پێشمەرگەی دێموکرات و شەهید مەلا "حوسێن قادری"، لە تەمەنی ١٠١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەزڵوەر حاجی "دەروێش قادری" باوکی محەمەد ساڵح قادری تێکۆشەری دێموکرات و شەهید مەلا "حوسێن قادری" لە شاری سەلماس کۆچی دوایی کرد.

حاجی "دەروێش قادری" ئەو مرۆڤە باوەربەخۆ و سەختکۆشە بووە کە بەهۆی سەرنەچەماندن بۆ زوڵم و زۆرداریی دەربەگایەتی سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە سەردەمی ڕێژیمی ئاخوندیدا، کوڕ و برازا و کەسە نزیکەکانی بە ئاشکرا و نهێنی، لەنێو جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا خەبات دەکەن، چەندین جار لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە خرایە بەندیخانە و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر، بەردەوام بە شێوەی جۆراوجۆر ئازار دەدرا.

 چیرۆکی خۆڕاگری و بەسەرهاتی ژیانی "حاجی دەروێش" لە بەرانبەر زوڵم و ئەشکەنجەی ڕێژیمی ئێراندا، کە بە مرۆڤی ئاسنین ناسرابوو، بەهۆی ئیرادەی پۆڵایین و باوەڕی قووڵی بە ڕێبازی نەتەوەیی، ببووە وێردی سەر زمانان و ئەویان کردبووە کەسایەتییەکی جێگای ڕێز و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەری لە هەرێمی سەڵماس و ورمێ.

 "حاجی دەروێش" هەتا کۆتایی ژیانی، وەک کێوێکی قایم و ڕاوەستاو بە بیروباوەڕی نەتەوەیی و قەڵایەک لە ئیرادەی خۆڕاگری، بەردەوام پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کوردستانی هان دەدا کە بە یەکڕیزی لە خەبات بۆ وەدیهێنانی مافی نەتەوەکەیان نەوەستن و خەونی سمکۆی شکاک، قازی محەممەد و ڕێبەرانی کوردستان، بۆ به دەوڵەتبوون و شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان، وەدی بێنن. 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری حاجی دەروێش دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.