ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، "حاجی محەممەد میناپاک" باوکی "سلێمان میناپاک" کادری حیزبی دێموکرات " بەهۆی نەخۆشی کۆڕۆنا لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا لە گوندی "سەوجە" سەر بە شاری "شنۆ" ماڵاوایی لە ژیان کرد.
"حاجی محەممەد" کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو. لە ساڵانی ٦٠ی هەتاوی لە "هێزی بەرگریـ"ـدا خەباتی بۆ ئازادی کورد و سەروەریی نیشتمان کردووە و هەمیشە وەکوو پێشمەرگەیەک لە هیچ فیداکاری و گیانفیداییەک خۆی نەدەبوارد.
خوالێخۆشبوو چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و ئازار و ئەشکەنجە درابوو، بەڵام دوژمن هیچکات نەیتوانی لە ئیرادە و خۆشەویستیی ئەو بۆ نیشتمان و گەلەکەی کەم بکاتەوە.
کوڕێکی حاجی محەممەد بە ناوی "سلێمان میناپاک" چەندین ساڵە لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بۆ ئازادی و سەربەستیی کوردستان خەبات دەکات.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشیی لە بنەماڵە و کەسوکاری "حاجی محەممەد" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.