کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵندە مردارەوەبووەکانی تاڵاوی "میانکاڵه" لە بازاڕدا دەفرۆشرێن

12:10 - 19 رێبەندان 2719

زیاتر لە دوو حەوتوویە کە لە تاڵاوی میانکاڵە لە پارێزگای مازەندەران ژمارەیەکی زۆر لە باڵندە کۆچەرییەکان مردارەوە بوون.

ڕێکخراوی دامپزیشکی، هۆکاری مردارەوەبوونی ئەو باڵندانەی بۆ ژەهری "بۆتۆلیسم" گەڕاندووەتەوە. بەڵام کارناسان دەڵێن، ئەو ژەهرە گەرماژییە و لە وەرزی سەرمادا کارایی نییە.

"عەلی ئەکبەر یەدوڵڵاهی"، جێگری تەکنیکیی ئیدارەی گشتیی ژینگەی مازەندەران وتوویەتی، جیا لە کارەساتی مردنی ئەو باڵندانە، کارەساتی دیکە ئەوەیە لاشەی ئەو باڵندانە لە بازاڕدا بۆ فرۆشتن دانراون.

"ئیسماعیل کەهرۆم"، یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی لە وتووێژێکدا وتوویەتی، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ژەهریان لەو تاڵاوە کردووە.

لێدوانی جیاواز لەبارەی ئەو کارەساتە دەدرێت، بەڵام ئەوەیکە گرینگە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران خۆیان لە ڕاستیی ڕووداوەکە دەدزنەوە.

مردارەوەبوونی ئەو باڵندانە بۆ هۆکارێکی گوماناوی دەگەڕێتەوە کە ڕێژیمی ئێران باسی لێوە ناکات.

بەدواداچوونەکان بۆ هۆکاری ئەو کارەساتە درێژەی هەیە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم ئیزن نادەن کەسانێکی پسپۆڕ لەو بوارەدا لێکۆڵینەوە بکەن.

هاوکات پێش بە گەشتیارانیش گیراوە کە سەردانی ئەو تاڵاوە نەکەن.

تاڵاوی میانکاڵە لە ڕۆژهەڵاتی مازەندەران هەڵکەوتووە و ٤٠ هەزار هێکتار پانتایی ئاویی هەیە.

ئەو تاڵاوە لەگەڵ کێشەی "زەوی ‌خاری" بەرەوڕوویە و کەسانی سەر بە ڕێژیم هەوڵ دەدەن دەست بەسەر ئەو شوێنەدا بگرن.

نەبوونی بەڕێوەبەری بۆ پاراستنی ژینگە لە ئێران و کوردستان بووەتە هۆی ئەوەی کە ژینگە بەرەو لەنێوچوون بچێت.