کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی بریتانیا لە عێراق هێرشە مووشەکییەکەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی دێموکراتی مەحکووم کرد

19:47 - 22 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: باڵوێزی بریتانیا لە عێراق لە پرێسکونفڕانسێکدا، هێرشی مووشەکیی ڕیژیمی ئێرانی بە مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە زانیوە.

جان ولێکس، باڵوێزی بریتانیا لە عێراق، لە پڕێسکونفڕانسێکدا، ڕایگەیاندووە: "ئەو هێرشە لە حاڵێکدا کراوە، کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە کۆیە لە کۆبوونەوەدا بووە و ئامانجی ڕێژیمی ئێران لەو هێرشە کوشتنی خەڵک بووە، کە بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێت.

ناوبراو وتوویەتی: هەرچەند هەر وڵاتێک مافی پاراستنی خۆی هەیە، بەڵام ئەم کردەوەی ڕێژیمی ئێران بەرگری نەبووە، بەڵکوو هێرشی ئاشکرایە بۆ سەر وڵاتێکی دیکە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران ڕێز لە سەروەریی عێراق نەگرتووە و ئێمە بەو ئاکامە گەیشتووین، کە ئەو هێرشانە زۆر مەترسیدارن و بارودۆخی ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات.

دوای ئەو هێرشە تێرۆرستییەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێمۆکرات، وڵاتان و کەسایەتییە جیهانییەکان هەڵوێستیان گرتووە و هۆشداریان بەو ڕێژیمە داوە، کە دەست لەو کردەوانەی هەڵگرێت، لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی ڕۆژهەڵات بە مانگرتنی گشتی، ئەو کردەوەیان مەحکووم کرد و نیگەرانیی خۆیان لە کوشتن و بڕێنی خەڵکی ڕۆژهەڵات دەربڕی.